پارێزگار وەڵامی حكومەت بۆ خۆپیشاندەران دەهێنێتەوە

پارێزگای سلێمانی

ئێوارەی ئەمڕۆ سەردار قادر پارێزگاری سلێمانی بەوەكالەت لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەران‌و مامۆستایانی ناڕازی پارێزگای سلێمانی كۆبوەوە.


دوای كۆبونەوەكە لە گۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەران‌و مامۆستایان، پارێزگار رایگەیاند، یاداشتی نوێنەری خۆپیشاندەران‌و مامۆستایانی گەیاندوەتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌و جێگرەكەی.


وتی: لەبارەی داواكاری مامۆستایانەوە حكومەت بەڵێنیداوە جگە لە پارەی موچە، بڕی (6) ملیار دینار بۆ مامۆستایان تەرخان بكات، لەو رێژەیەش 40% ی پارەكە بەر مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی دەكەوێت.


ئاشكرایكرد، دەستی ئیدارەی سلێمانی وەڵا دەكرێت بۆ ئەوەی داهاتەكانی خۆی زیاد بكات، حكومەت بەڵێنیداوە پارێزگای سلێمانی دەستكراوە بێت لەروی ئیداریی‌و داراییەوە.


پارێزگاری سلێمانی بەڵێنیدا لە ماوەیەكی نزیكدا هەمو داهات‌و خەرجییەكانی پارێزگا بۆ هاوڵاتیان ئاشكرابكات.


بڕیارە سبەینێ پارێزگاری سلێمانی بە وەكالەت لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی یەكەم زەنگی دەستپێكردنی ساڵی خوێندنی 2016-2017 لە پارێزگای سلێمانی لێبدەن.