هەموو ساڵێك لە 7ی نیسان یادی رۆژی جیهانی تەندروستی دەكرێتەوە كە هاوكاتە لەگەڵ ڕۆژی دامەزراندنی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەساڵی 1948، ئەم یادە دەبێتە هاندەرێك بۆ كاركردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی ڕوبەڕووی كەرتی تەندروستی دەبێتەوە.
لەساڵی 1950دا رۆژی 7ی نیسان دیاری كرا وەك ڕۆژی جیهانی تەندروستی و هەموو سالێك لەم ڕۆژەدا بابەتێك دیاری دەكرێت بۆئەوەی بكرێتە دروشمی رۆژی جیهانی تەندروستی لەپێناو گرنگیدان بەو بوارانەی دەبنە جێی نیگەرانی و دەبنە كاری لەپێشینە لەلای رێكخراوی تەندروستی جیهانی.
رۆژی جیهانی تەندروستی هەڵمەتێكی نێودەوڵەتیە و هانی هەمووان و سەركردەكانی جیهان دەدرێت زیاتر گرنگی بدەن بەو ئاڵنگاریانەی بواری تەندروستی كە كاریگەرییەكی گەورەیان هەیە.
لەساڵی 1948 وڵاتانی جیهانی كۆبونەوە و رێكخراوی تەندروستی جیهانیان دامەزراند لەپێناو پتەوكردنی تەندروستی و پارێزگاری لەسەلامەتی جیهان و خزمەتكردنی توێژە لاوازەكان، بۆئەوەی هەمووان لەهەموو شوێنێك بگەنە باڵاترین ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی و خۆشگوزەرانی.
ئاهەنگێڕان و یادكردنەوەی دامەزراندنی رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەبێتە هەلێك بۆ چاوخشاندنەوە بەڕابردوو و ئەو سەركەوتن و دەستكەتانەی لەبواری تەندروستی بەدەست هاتوون و بونەتە هۆكاری باشتربوونی شێوازی ژیان لەحەوت دەیەی ڕابردوو.
لەرۆژی جیهانی تەندروستیدا، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی باس لەپێویستی گرنگیدانی جیهان دەكات بەڕێوشوێنە بەپەلە پێویستەكان بۆئەوەی بگیرێتەبەر لەپێناو پاراستنی تەندروستی مرۆڤ و هەسارەی زەوی و كاركردن لەپێناو پرەنسیپەكانی كۆمەڵگا و خۆشگوزەرانی.
لەهەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی ساڵانە یادی رۆژی جیهانی تەندروستی دەكرێتەوە و چەندین چالاكی جۆراوجۆر بەو بۆنەیەوە بەرێوەدەچێت، هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان رێكدەخرێت