وەزارەتی ناوخۆ رێکاری کرداری بۆ پاراستنی ژینگە ڕادەگەیەنێت

پارێزگای سلێمانی

سەرپێچیکار و ئەوەی ژینگە پیس بکات سزای توندی بەسەردا دەسەپێندرێت

بە نوسراوی ژمارە ١١٢٥٥ لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٦ بە واژووی بەڕێز رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و پۆلیس و بەرگری شارستانی و پۆلیسی ژینگە و دارستان و پۆلیسی هاتوچۆ و تەواوی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی ناوخۆ راسپێردران، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکاری کرداری بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان بگرنە بەر و سزای دارایی بە پێی یاسا بەسەر هەر کەس و لایەنێک بسەپێنن، کە ژینگە پیس دەکات

لە گشتاندنی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە

"لەبەر رۆشنایی فەرمانی جەنابی سەرۆک وەزیران بەڕێز مەسرور بارزانی بۆ بایەخدانی زیاتر بە پاراستنی سروشتی جوانی وڵاتەکەمان، و پاڵپشت بە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان ژمارە (٨) ی ساڵی ٢٠٠٨، کە تیایدا هاتووە (هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە لە ژینگەیەکی هێمن و پاکدا بژی و ئەرکی هەموو کەسێکیشە کار لە پێناو پاراستنی ژینگە و پاکییەکەیدا بکات) – ماددەی سێیەم/ یەکەم. هەروەها لەبەر رۆشنایی یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٩، کە ئەرکی (جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان) ماددەی دووەم/یەکەم و (پاراستنی سامانی گشتی و تایبەتی) ماددەی دووەم/ دووەم سپاردووە بە وەزارەتی ناوخۆ، بەو هۆیەی ژینگە و شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان وەکو بەشێک لە سامانی گشتی هەژمار دەکرێن، دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ وەکو پۆلیس، پۆلیسی دارستان و ژینگە، بەرگری شارستانی، پۆلیسی هاتوچۆ، هەر یەکەیان بە پێی پسپۆڕی و ئەرکی خۆی، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی کوردستان کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٠٨ و هەموو ئەو ڕێنماییانەی دەستە بۆ پارێزگاریکردن لە سروشت و ژینگەی کوردستان دەریکردوون

لە گشتاندنەکەدا داوا لە دامەزراوەکان کراوە کە لە رێی خۆیانەوە ئاگاداری هاووڵاتیانی خۆشەویست بکەن کە

یەکەم: لە کاتی گەشت و سەیراندا سروشتی جوان و ڕەنگینی کوردستان وەکو ماڵی خۆیان بپارێزن و خۆیان بە دوور بگرن لە پیسکردن لە ڕێی بەجێهێشتنی پاشماوەی گەشت و زبڵ و خاشاک. پێویستە پاشماوەکان لەگەڵ خۆیان بهێننەوە و لە شوێنی تایبەت دابنێن کە دەستی دامەزراوەکانی شارەوانی دەگاتێ. هەر کەسێک پاشماوەی گەشت بەجێ بهێڵێت و ببێتە هۆی پیسکردنی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بە پێی بڕگەی سێیەم لە ماددەی چل و دووەم لە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە بەرامبەر دەگیرێتە بەر کە سزای پێبژاردنە لە (١٠٠.٠٠٠ سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە ١٠.٠٠٠.٠٠٠ دە ملیۆن دینار زیاتر نەبێت). دامەزراوەکانی پۆلیس هاوکاری دەستە دەکەن لە سەپاندنی ئەم سزایە

دووەم: داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە بەشداربن لە پاک و جوانهێشتنەوەی سروشتی کوردستان وەکو شوێنە گەشتیارییەکان، پۆند و بەنداو و جۆگە و چەمەکان، شاخ و دەشت و دۆڵ و چیا و دارستانەکان، پێویستە وەکو ماڵی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ بکەن. داوا دەکەین ئەگەر هاووڵاتیەکیان بینی ژینگە پیس دەکات و زیان بە سروشتی کوردستان دەگەیەنێت، ڤیدیۆی بکەن و بۆ پلاتفۆرمەکانی دەستە، یان وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەکانی پۆلیس رەوانە بکەن بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەریان بگیرێتە بەر

سێیەم: داوا لە خاوەن پڕۆژەکان دەکەین، بە هەموو جۆرەکانیان کە ناویان لە ڕێنمایی بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان ی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٣ هاتووە، بە وردی ئەو رێنماییە بخوێننەوە و خۆیان لەگەڵ پێداویستییەکانی پاراستنی ژینگە بگونجێنن. بە پێچەوانەوە دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستە بەدواداچوون بۆ چالاکییەکانیان دەکەن و سەرپێچیکار بە گوێرەی ئەو سزایانەی لە ڕێنمایی ئاماژە بۆکراو هاتووە، سزا دەدەن

چوارەم: ئەنجومەن و لێژنەکانی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم گشتاندنە

لە کۆتاییدا، وەزارەتی ناوخۆ پەیامێکی گرنگ ئاراستەی هاووڵاتیان دەکات و ئاراستەیان دەکاتە کە " ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان سامانی گشتی وڵات و هاووڵاتیانن، پاراستنی ئەرکێکی نیشتیمانی، ئایینی و مرۆییە. کەس مافی ئەوەی نیە پیسی بکات و بێ لێپرسینەوە دەرباز بێت"