خوێندنەوەیەكی كرداریانەی مەیدانیانە لەسەر كۆماری میللیی چی

پارێزگای سلێمانی

خوێندنەوەیەكی كرداریانەی مەیدانیانە لەسەر كۆماری میللیی چین، كە لە سەرنج و تێبینیی و هەڵهێنجانی چوار سەرچاوەوە، سەرچاوەیان گرتووە

یەكەم: لە قۆناغی مناڵیی و سەرەتاییماندا، كە بەشدارێكی گۆڤاری (الصین المصورة) بووین، لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا

دووەم: سەردانكردنمان بۆ وڵاتی چین لەسەر میوانداریی بەڕێز سەرۆكی چین شی جین پینگ، لە وەفدی عیراقی فیدراڵ بە سەرۆكایەتیی بەڕێز د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عیراقی فیدراڵ، لە ڕۆژانی (19-23/9/2019)دا

سێیەم: سەردانی وەفدی پارێزگای سلێمانی و بە سەرۆكایەتیی پارێزگاری سلێمانی بۆ وڵاتی چین و بەتایبەتیی شاری ئیوو، لەسەر میوانداریی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری میللیی چین لە ناوەڕاستی مانگی 11ی ساڵی 2025دا

چوارەم: بەدواداچوونی ڕۆژانەی پڕۆژە و بەرهەم و دیدار و توێژینەوە و ڕوماڵە میدیاییەكان

1- (گەڕانەوە بۆ ڕەگ)، چین یەكێكە لە شارستانێتییە مرۆڤایەتییە قوڵ و دێرین و بەردەوامەكان، كە لانیكەم بە درێژایی پێنج هەزار ساڵ بێ‌ دابڕان مرۆڤ تیایدا ژیاوە، لە ئێستادا بەشێوەیەكی وردو شایستە ئێستا بە ڕابردوی دورو بەهاو پێداویستییە جێگیرەكانەوە بەستراوەتەوەو پەرەی پێ‌ دەدرێت، چین توانیویەتی سود لە مێژوو وەربگرێت بۆ تێپەڕاندنی خودی مێژوو بۆ وەستان لەسەر پێی خۆی نەك بۆ پیرۆزكردنی

2- (ئەفسانە وەك هێزێكی كاریگەر)، لێرەدا چین ئەفسانە و گێڕانەوە و چیرۆكە ئەفسانەییەكانی زیرەكانە تێكەڵ بە واقیع و پڕۆسەی ڕێكخستنەوەی كۆمەڵایەتیی و هێزی بەرهەمهێنان كردووە، جۆرێك لە متمانە بەخۆبوون و سەركەشیی و كۆڵنەدان و وزەی ئەرێنیی و گەرەنتیكردنی سەركەوتن و گەشەكردن و هیوای پێبەخشیون، كە ڕۆڵی دیاری لە پتەوكردنی ئیرادەو گەورەكردنی ئامانجەكانیاندا، بێ‌ گوێدانە سەختیی و ئاستەنگ و دژواریی ڕێگاو میكانیزمەكان، بینیوە

3- (فەلسەفەی كرداریی)، گەڕانەوە بۆ بیرو باوەڕەكانی بیرمەندێكی وەك كۆنفۆشیۆس، كە لە سەدەی پێنجەمی پێش زاییندا ژیاوەو كاریگەریی گەورەی لەسەر ناوەڕۆك و شێوازو میكانیزم و بیروباوەڕو ڕەفتاری كەسیی و كۆمەڵایەتیی چینییەكان دروستكردووە، هەر لە دوركەوتنەوە لە تاوانەكان تا بەسەنتەركردنی مامۆستا (وەك كارەكتەرێكی سەرەكیی بۆ پەروەردەیەكی سیستەمانیزەكراو و ڕێكخراو و گشتیی)

4- (خۆهەڵسەنگاندن و خۆڕەخنەكردن و خۆگونجاندن و گەشەكردن)، لە ئێستادا چینییەكان ئازایانە و زانایانە و لێزانانە بە خوێندنەوەی لۆژیك و اقیع و ئەمری واقیع و قۆناغەكە، بیرو سەردەمی ڕابەرێكی دیاری وەك (ماوتسی تۆنگ 1893-1976)، كە بە سەرۆك ماو و بە دامەزرێنەری كۆماری گەلی چین دادەنرێت لە ساڵی (1949)دا، ڕەخنە دەكەن و زۆرێك لە دیدو باوەڕو بەرنامەكانیان هەمواركردۆتەوەو لە ئایدۆلۆژیای ماركسی لینینی و تێڕوانینەكانی خودی ماویشدا تەنها ڕێگریكردن لە پارەداران لە بڕیاردان و قۆرخكارییداو، پاراستنی سیستم و بەرژەوەندیی گشتییان هێشتۆتەوە. پێیانوایە كە ئەگەر ئەوەی سەرۆك (شی جین پینگ) لە (2012)وە لە حیزبی شیوعی چینی و لە (2013)وە لە حكومەتی چینیدا كردی، ئەگەر سەرۆك ماو بیكردایە، ئێستا چین بەشێك نەدەبوو لە جیهان، بەڵكو هەموو جیهان دەبوو

5- (خۆنوێكردنەوەی بەردەوام)، چین توانستی بەخۆداچوونەوەو خۆنوێكردنەوەی هەیە، بۆ ئەمەش كات و دامەزراوەو پلانی بەردەوامی هەیە، دیارترین و كاریگەرترینیان بەڕێوەبردنی پلینیۆمی ساڵانەی حیزبی شیوعیی و دامەزراوە دەوڵەتییەكانە بۆ هەڵسەنگاندن و بەرنامە داڕشتنەوەو دیاریكردنەوەی میتۆدو میكانیزم و دامەزراوەكان لەسەر بنەمای توێژینەوەو كێشانەو پێوانەكردنێكی وردو بابەتییانەو بێلایەنانە، لەسەر بنەمای (پاداشت و سزا)و، پەرەپێدانی كۆمەڵایەتیی و ئابوریی، لەپێش پەرەپێدانی سیاسیی و ئەمنیی و سەربازییەوە، داهێنانی بنەمای (یەك دەوڵەت و دوو سیستم) وەك ئەوەی لە (هۆنگ كۆنگ و ماكاو) پەیڕەو دەكرێت. بەڕێوەبردنی كۆنگرەی گشتیی پێنج ساڵ جارێك و بڕیاردان لەسەر پێنج ساڵی ئایندەی چین لە هەموو ڕووەكانییەوە

6- (گۆڕینی ئاڵنگاریی و هەڕەشەكان بۆ دەرفەت و پەرەپێدان)، چین توانیویەتی زۆریی ژمارەی دانیشتوان و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان كە سەرمایەداریی و زۆرێك لە سیستمەكانی ئەمڕۆی دنیا بە ئاڵنگاریی و هەڕەشەی دەزانن، بگۆڕێت بۆ دەرفەت و گەشەكردنی كۆمەڵایەتیی و ئابوریی و كلتوریی و ژینگەیی بەردەوام

7- (ئارامیی دەرونیی و كەسێتیی جێگیرو ئەرێنیی)، بە پەروەردەیەكی دامەزراوەیی و خێزانیی و كلتوریی و كۆمەڵایەتیی و میدیایی، تاكی چینی تاكێكە لە ڕوی دەرونییەوە ئارام و لە ڕوی كردارییەوە بەرهەمهێن و، لە ڕوی كەسایەتییەوە ئەرێنیی. خاوەنی دیسپلینێكی خودیی و كەسیی، ڕێزگرتوو لە كات و لە سیستم و لە كەلوپەل و لە ژینگە و لە كەسەكانی تر، خاكەڕا و سادە و زیرەك و لێزان، كاركردن وەك هەنگ و بەرهەمدار و نەرم و بەتین وەك ئاوریشم

8- لەم وڵاتەدا، گەشەكردنێكی گشتگیری بەردەوام هاتۆتەكایەوە، كە بە پانیی و درێژیی و بەرزیی و قوڵیی هەموو شوێنەكانی وڵاتەكەی بەبێ‌ جیاوازیی گرتۆتەوە

9- دەوڵەت دەوڵەتێكی مەركەزییە، بەڵام هاووڵاتیی تیایدا سەنتەرە

10- دامودەزگا دەوڵەتییەكان بڕیاردەدەن نەك سیاسیی و بازرگانەكان

11- لە دیدار و دیالۆگ و توێژە ئاسایی و میللیی و دامەزراوەیی و فەرمییەكاندا، گفتوگۆ لەسەر (حیزبایەتیی و ئاینداریی) دەگمەن و كەمن و لە شوێن و پێگەی زانستیی و فەرمیی تایبەت بە خۆیاندا گفتوگۆی لەسەر دەكەن

12- چینە كۆمەڵایەتیی و ئابورییەكان، یەكتری تەواودەكەن و، لە كاری هاوبەشدا نەك یەكتر پاكتاوكردن و ململانێ‌

13- لە ماوەكانی ڕابردوودا، هەر سەرۆكێكی كۆماری میللیی چین، خاوەنی تیۆرێكی ئابوریی بووە، بەتایبەتیی لە 2013 وە بۆ ئێستا سەرۆك شی جین پینگ توانیویەتی پەیام و دیدگاكانی بكات بە كردارو (پراكتیزەكراوێكی تیۆریزەكراو) بەرهەم بهێنێت

14- متمانە لەنێوان خەڵك و دەوڵەتدا لەڕێی لێبوردەیی و بەخشینەوە، سەروەریی یاساو، دادپەروەریی كۆمەڵایەتییەوە، لە ئاستێكی بەرزدایە، هاووڵاتییان پێیانوایە دەوڵەت و یاساكان دەیانپارێزن نەك كەنارگیریان بكەن و پەراوێزیان بخەن و كۆت و بەندیان بكەن

15- تەكنۆلۆژیا بۆ هەمووانە نەك تەنها بۆ دەسەڵاتدارو پارەدار، خزمەتگوزارییەكانیش بەهەمان شێوە

16- پەروەردە، كلتور، ژینگە، ئابوریی، ئاسایش، تەكنۆلۆژیا، بەیەكەوە گەشەیان كردووەو یەكتری تەواو دەكەن

17- چین بە میتۆدێكی نوێی ئابوریی و دارایی و بازرگانیی كار لەسەر زیادكردنی هاوردە دەكات نەك هەناردەكردن، بۆئەوەی زیان بە ئابوری ئەو وڵاتانە نەگەیەنێت، كە مامەڵەیان لەگەڵ دەكات و، زۆرترین كەرەستەی خاوو، هەمەجۆری كاڵا بێنێتە وڵاتەكەوە

18- كۆچی پێچەوانە لە شارەكانەوە بۆ لادێ‌ و شوێنە دورەكان دەستی پێكردووەو بۆتە دیاردەیەكی گەشەكردن و بوژاندنەوەی بەردەوام

19- چین كار لەسەر دروستكردنی زەمینەی كرداریی بۆ ئاسودەیی و خۆشگوزەرانیی گشتیی دەكات نەك لەسەر ئاستی چین بەڵكو لەسەر ئاستی جیهان بەگشتیی

20- لە بەرهەمهێنان و داهێنانەكانیاندا، چینییەكان كێبڕكێی كەس و شوێنێكی دیاریكراو ناكەن، بەڵكو ئەوە دروست دەكەن كە پێویستیانە، یان داوایان لێدەكرێت، یان بۆ مرۆڤایەتیی پێویستە

21- تەكنۆلۆژیا، زیرەكیی دەستكرد، ڕۆبۆتینگ، پەرەپێدەدەن لەپێناوی مرۆڤدا، بۆ مرۆڤ، بۆ خزمەتی مرۆڤایەتیی، نەك بۆ تێپەڕاندن و بێكاركردن و كردنەدەرەوەی مرۆڤ لە پرۆسەی بەڕێوەبردن و بەرهەمهێناندا

22- وەبەرهێنان لە كاتدا دەكەن وەك بەهادارترین شتێك، كە قەرەبوو ناكرێتەوە، بۆیە گەشە بە هۆكانی گەیاندن و گواستنەوەو پەیوەندییەكان و تەكنۆلۆژیا دەدەن، بۆئەوەی لە كەمترین كاتدا بگەن و پەیوەندیبگرن و كاربكەن، كێبڕكێ‌ لەگەڵ كاتدا دەكات، نەك بەڕێی بكەن

23- هەموو شارستانییەت و زانیاریی و ئەزموون و زانستەكانیان، وەك سامان و میراتی سەرجەم مرۆڤایەتیی دەبینن، نەك تەنها بۆ خۆیان و هی خۆیان، لەگەڵ هەمووان هاوبەشی دەكەن

24- بەپێچەوانەی زۆر شوێنی دنیا، لەم وڵاتەدا گەشەكردنی تەكنۆلۆژیا و زیرەكیی دەستكرد و ڕۆبۆت، دەرفەتی كاری زیاتری دروست كردووە، نەك بوبێتە هۆكاری كەمكردنەوەی دەرفەتی كاركردن

25- داهێنانیان لە دروستكردنی بەندەری بازرگانیی وشكانیدا كردووەو بە هێڵی پشتێنە و ڕێگا، ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقیایان بەیەكەوە بەستۆتەوە

26- حیزب، لە فۆڕم و ئەركی گشتییدا لە چین جێگیرە، بەڵام بەردەوام میكانیزم و سیاسات و ئامانجەكانی بەپێی پێویستی قۆناغەكە دەگۆڕێت

27- كاری گەورە لەسەر ژینگە و كشتوكاڵ و وزە نوێكان كراوە، بە ڕادەیەك كە هاوشێوەی دەگمەن بێت، بیابانەكان بۆ ئاوەدانیی و ئاوەكان بۆ كشتوكاڵ و خۆرو باو ئاوو هەڵم و...تاد كراونەتە سەرچاوەی كارای وزەی نوێ‌

28- گەڕانەوە بۆ بنەمای ئابوریی (گەنم بە ترێ‌) و كارپێكردنی لە مامەڵەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكاندا بەجۆرێك كە چیتر دراوی چاپكراو تاكە ئامڕازی مامەڵە نێودەوڵەتییەكان نەبێت، بەڵكو كار لەسەر پەیڕەوی (كاڵا بە كاڵا) دەكات، ئەمەش وادەكات ئابوری ئەو شوێنانەش ببوژێنێتەوە، كە خاوەنی بنەكۆ (رصید)ێكی دراوی زۆر نین

29- پەروەردەیەكی هۆشیارانە پەیڕەو دەكرێت، كە تاك فێری فێربوونی بەردەوام و پشت بەخۆبەستن و توانامەندیی دەكات

30- ڕەسەنایەتییان بە سەردەم و گەشەكردن و داهێنانی بەردەوامەوە بەستۆتەوە

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر

پارێزگاری سلێمانی