پۆستی قائیمقامی سلێمانی ئاڵوگۆڕ كرا

پارێزگای سلێمانی

 

 

بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی ئاڵوگۆر لە پۆستی قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی كراو ئاوات محەمەد وەك قائیمقامی نوێی سلێمانی دەست بەكاربوو.

 

 

ئەمڕۆ 6ی شوباتی 2017،  لەرێوڕەسمێكدا لە دیوانی قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی بە ئامادەبوونی سەردار قادر ل. پارێزگاری سلێمانی،  ئاڵوگۆڕ لە پۆستی قائیمقامیەتی سلێمانیدا كرا.

 

ئاڵوگۆڕەكە  لەچوارچێوەی رێكەوتنی پێشووی  نێوان یەكێتی و گۆڕانە بۆ پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێی پارێزگای سلێمانی. 

 

لە رێورەسمەكەدا كە ژمارەیەك بەپرسانی ئیداری سلێمانی ئامادەی بوون، بەختیار عەبدولڕەحمان كە زیاتر لە دووساڵە لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی بەرێوەدەبرد كۆتای بە ئەركەكەی هێناو  ئاوات محەمەد قائیمقامی پێشووی سلێمانی وەك قائیمقامی نوێی سلێمانی دووبارە دەست بەكاربووە.

 

 

 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا, سەردار قادر لەبری پارێزگاری سلێمانی دەستخۆشی لە قائیمقامی پێشووی سلێمانی كرد كە توانیوویەتی بە باشی ئەركەكانی راپەڕێنێت، پیرۆزبایشی لە قائیمقامی نوێ كردوو هیوای خواست بتوانن وەك تیمێك لەخزمەتی دانیشتوانی سلێمانیدا بن و پێكەوە كار بكەن بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی قەیرانەكان لەسەر هاووڵاتیان.

 

سەردار قادر راشیگەیاند: پرۆسەی دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەنێوان یەكێتی و گۆڕان وەكو خۆی جێبەجێ دەكرێت و لەچەند رۆژی داهاتووشدا بەهەمان شێوە ئاڵوگۆڕ لە پۆستی قائیمقامی هەڵەبجەدا دەكرێت.

 

 وتیشی: لەماوەی رابردوودا هەردوولا وەك یەك تیم كارمانكردووەو هەوڵی تەواومان داوە بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیانی ئەم شارە , ئێستاش كە كاتی یاسایی ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕەكەیە،  هیودارم لەچەند رۆژی داهاتوودا كۆی پرۆسەكە جێبەجێ بكرێت و بەشێكبین لەپرۆسەی چارەسەركردن كە ئامانجی گشتیمان حكومەتی هاووڵاتی بوون و خزمەتكردنی هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانییە.

 

 

هەر لە رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕی پۆستی قائیمقامی سلێمانیدا، بەختیار عەبدولڕەحمان قائیمقامی پێشووی سلێمانی سوپاسی هاوكاری فەرمانبەران و لیژنەی ئەمنی كرد كە لێبراوانە هاوكاربوون بۆ رایكردنی ئیش وكاری هاووڵاتیان پاراستنی ئارامی شارەكە. وتیشی: توانیومانە لەماوەی رابردودا ئەوەی پێمان بكرێت بۆ خزمەت كردنی خەڵك بیكەین. هیوای سەركەوتنیشی بۆ قائیمقامی نوێی سلێمانی خواست.

 

ئاوات محەمەد قائیمقامی نوێی سلێمانیش ئەرك و ماندووبوونی قائیمقامی پێشووی سلێمانی كردوو  رایگەیاند: دەرفەتێك دروست بووە بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی خەڵك بكەین و دەتوانین بە هەماهەنگی هەموو لایەك رووبەرووی زۆرێك لە كۆسپ و ئاستەنگەكان ببینەوە.

وتیشی:  هەرێمەكەمان رووبەڕووی كۆمەڵێك كێشەی سیاسی و دارایی بۆتەوەو ئەمەش كاریگەری لەسەر كارەكانمان دەبێت، بەهەماهەنگی هەموو لایەك هەوڵدەدەین كاریگەرییەكانی كەم بكەینەوە.

 

تەئكیدیشی كردەوە ئەولەویەتی كارەكانیان دروستكردنی ئەو هەماهەنگییە دەبێت لەنێوان دامەزراوە حكومییەكان لە شاری سلێمانی.