پارێزگار پێشوازی لە وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان كرد

پارێزگای سلێمانی

 

ئەمرۆ 16ی شوباتی 2017، سەردار قادر ل. پارێزگاری سلێمانی، پێشوازیكرد لە مەحمود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم و وەفدێكی یاوەری.

 

لە كۆبوونەوەیەكدا پارێزگاری سلێمانی تیشكی خستەسەر بارودۆخی پارێزگای سلێمانی و روونی كردەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە زۆربەی سێكتەرەكاندا كێشەی قوڵمان بۆ دروست بووە، بەڵام سەرەرای ئەوە لەهەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ  كەمكردنەوەی قورسایی قەیرانەكە لەسەر شانی هاووڵاتیان و پارێزگاكە.

لای خۆشیەوە وەزیری كاروباری شەهیدانی هەرێم  وێرای دەست خۆشی بۆ پارێزگاری سلێمانی ،پشتیوانی وەزارەتەكەشی  بۆ دووپات كردەوە.

 

پاشان وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ئاماژەی بۆ هێنانەوەی    كاروانی یەكەمی كەلوپەلی ئەنفالكراوان كرد بۆ شاری سلێمانی كەلەماوەی رابردوودا لەو گۆڕە بە كۆمەڵانەدا دۆزراونەتەوە كە لە ناوچەكانی باشور و ناوەراستی عیراق هەڵدراونەتەوە.

 

روونیشی كردەوە ئەمە یەكەم وەجبەی هێنانەوەی كەلوپەلی قوربانیانی كوردە لەپرۆسەی بەدناوی ئەنفالداو ژمارەیان ٢٥٠  كەلوپەلی جۆراو جۆرەو بەشێوەیەكی زانستی و یاسایی پشكنینی بۆكراوە.

 

وتیشی: هەوڵەكانمان بەردەوامە بۆ هێناوەوەی  سەرجەم كەلوپەلی ئەنفال كراوان  لەناوەڕاست و باشوری عیراق و ئەركی حكومەت و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانە، مۆزەخانەیەكی گەورەی نیشتیمانی تایبەت بەو كەلوپەلانە بكاتەوە.