ئاگادارییه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ نیازی خوێندنن له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات

پارێزگای سلێمانی

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هۆشداری دا له‌وه‌ی ماوه‌یه‌كه‌ ژماره‌یه‌ك كه‌س و كۆمپانیا به‌ ڕێگه‌ی جیا له‌ نێو فێرخوازان و ناوه‌نده‌كانی خوێندن سه‌رنجی فێرخوازان بۆ خۆیان ڕاده‌كێشن و پاره‌ له‌ خه‌ڵكی وه‌رده‌گرن له‌ به‌رامبه‌ر هێنانی قبوڵی زانكۆیی له‌ زانكۆكانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك خه‌ڵك ده‌گه‌ێنن كه‌ نوێنه‌رایه‌تی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌كه‌ن.

بۆیه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی سه‌رجه‌م خوێندكاران و فێرخوازان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ دوای ئه‌و كه‌س و لایه‌نه‌نانه‌ نه‌كه‌ون چونكه‌ دور و نزیك هیج جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه‌ نیه‌ و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا به‌رپرس نیه‌ به‌رامبه‌ر به‌ قسه‌ و به‌ڵێنه‌كانیان.

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕێوشوێنی ڕه‌وانه‌كردنی خوێندكاران بۆ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات به‌ پێ ڕێنماییه‌كان ڕێكخستووه‌ و هه‌ر خوازیارێكیش ئه‌خوازێت له‌ زانكۆكانی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات له‌سه‌ر خه‌رجی تایبه‌تی خۆی درێژه‌ به‌ خوێندن بدات ده‌توانێت سه‌ردانی فه‌رمانگه‌ی نێردراوان و په‌یوه‌ندییه‌ ڕۆشنبیرییه‌كان بكات یان سه‌ردانی وێبسایتی وه‌زاره‌ت بكات بۆ زانینی لیستی زانكۆ باوه‌ڕپێكراوه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و چۆنیه‌تی كردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی تایبه‌ت له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نێردراوان.