دەست بەسەر پێنج تەن برنجی كرماویدا گیرا

پارێزگای سلێمانی

 

بەپێی راگەیەندراوێكی ئاسایشی سلێمانی لەدرێژەی كارو چالاكیەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەكانی قائمقامیەتی سلێمانی و بەمەبەستی بنبڕكردن و نەهێشتنی هێنان و بازرگانی كردن بە هەموو جۆرە كاڵا و خۆراكێكی قەدەغەكراوو ماوە بەسەرچوو خراپ بوو  لەناو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا , كە زیانی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان و كۆمەڵگاو ئابووری هەرێمی كوردستان هەیە , هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی , توانییان   لە شەوی  28/2/2017 لە ناوشاری سلێمانی و لە دوو گەرەكی  جیاوازدا و لە دوو كۆگای ماڵاندا دەستبگرن بەسەر ( 5 ) پێنج تەن برنجی جۆری ( سەنوایت ) دا  كە بە شێوازێكی نادروست لە ناوكۆگای ماڵان و شوێنی نەشیاو دا هەڵگیرابوون  بگرن.

 لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، برنجەكە  خراپ بوو بوو  كرمی كردبوو شێی هێنابوەوە بە كەڵكی بەكارهێنان نەمابوو , خاوەنەكەشی بەنیاز بووە وشكی بكاتەوە و  لەئاشی بداتەوە و دواتر لە ناوكیسەی تایبەتدا لەبازاڕەكاندا بیفرۆشێتەوە.

 

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە سەرجەم برنجەكە دەستی بەسەردا گیراوەو خاوەنەكەی ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە  بەمەبەستی  گرتنە بەری ڕێكاری یاسایی بەرانبەری .