بەئامادەبوونی پارێزگار دیداری سلێمانی بۆ گەشەپێدانی كشتوكاڵ دەستی بەكارەكانی كرد

پارێزگای سلێمانی

 

سەرلە بەیانی ئەمڕۆ 2-3-2017 بە ئامادەبوونی  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی  حكومەتی هەرێم و سەردار قادر ل. پارێزگاری سلێمانی  و وەزیری كشتوكاڵ  و چەندین پسپۆڕ لە بواری كشتوكاڵدا یەكەمین دیداری  سلێمانی بۆ گەشەپێدانی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو كە تایبەت بوو بەپانێڵی ئاسایشی ئاو و خۆراك، وا بڕیاریشە ڕاسپاردەكانی دیدارەكە بەمەبەستی سود وەرگرتن پێشكەشی  حكومەتی هەرێم بكرێت.

 

دیدارەكە یەكەمین دیداری سلێمانی تایبەت بە گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و دەستەبەركردنی ئاسایشی خۆراك و ئاوەو بە چاودێریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبەشداری ژمارەیەك لە پسپۆڕو شارەزایانی ئابووری و كشتوكاڵی، ئینستیتیۆتی ئەمریكی – كوردی بەرێوەدەچێت.

 

لەدەستپێكی دیدارەكەدا تارا شوان وتاری ئینستوتی ئەمریكی - كوردی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند: ئابوری كوردستان %95 پشت بە نەوت دەبەستێت ، ئەمەش هۆكاری سەرەكی قەیرانەكانە، بۆیە دەبێت پشت بە كشتوكاڵیش ببەستین تا هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن سەرمایەكی بەهێزو پتەو بێت.

 

پاشان تیپی هونەرە میللیەكانی سلێمانی تابلۆی شیرینیان پێشكەش كرد.

 

یاسین مەحمود ڕەشید سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان -سلێمانی وتاری وەبەرهێنەرانی پێشكەش كردو ڕایگەیاند: پێویستە ڕێگری بكردێت لەهەرەسهێنانی كەرتی تایبەت و لە ساڵی ڕابردوودا دوو بانك هەرەسی هێنا و دەبێت ڕێگری بكەین لە هەرەسهێنانی كەرتی تایبەت، دووەم خاڵ دەمەوێت باسی بكەم ئەوەیە كە دەبێت بەرهەمە كشتوكاڵیەكان بپارێزرێت، ئەوەتا دۆشاوی شەوكەی شارباژێڕ  بازاڕەكانی ئیمارات و وڵاتانی عەرەبی پڕ كردوە، دەبێت ئەم بەرهەمە بپارێزین.

 

پاشان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان  وتاری حكومەتی خوێندەوە و خۆشحاڵی خۆی بۆ دیدارەكە دەربڕی، وتی: ئێمە دەبێت گرنگی بدەین بە كشتوكاڵ ، بەڵام ئامانجەكەمان نەپێكاوە، ئامارەكان و گەشەپێدانی ئەم كەرتە  هێندەی گرنگی كشتوكاڵ نەبوە. وتیشی، پڕۆسەی ئەنفال  و بڕیاری نەوت بە خۆراك ئەم دوو هۆكارە زیانی گەورەی بە كەرتی كشتوكاڵ گەیاند.

وتیشی: لە دوایی ڕووخانی ڕژێم بەعس  گوندەكانمان چۆڵ كردو گەنجەكانمان لە دامەزراوە ئەمنیەكان دامەزراند ئاماژەی بەوەشدا كە قۆرخكاری ناهێڵین و هەوڵدەدەین هەفتە بازاڕی زیاتر بكەینەوە هیچ كەرتێك هێندەی كەرتی كشتوكاڵ ناتوانێت بێ كاری نەهێڵێت.

 

عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەشێكی تری دیدارەكەدا وتاری وەزارەتی كشتوكاڵی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران هاوكارمانن بۆ بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ ، ئومێد دەكەم لە كۆتایدا  ڕاسپاردەی لێبكەوێتەوە تا بدرێت بە حكومەت تا بیانكەین بە بنەما بۆ گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ، دەبێت خۆراك بۆخۆمان فەراهەم بكەین و چیتر پشت بە بازاڕە دەرەكیەكان نە بەستین ، چونكە ئەوان یاری بە نرخی بەرهەمەكان دەكەن، وتیشی، ئاو و هەوا و خاكێكی بە پیتمان هەیە هەروەها دەستی ڕەنگین و جوتیاری شارەزامان هەیە، ئێمە وەك  وەزارەت ئەو ئەركە دەخەینە ئەستۆمان بۆ گەشەپێدانی ئەم كەرتە.

 

لە بەشێكی تری دیدارەكە پانێڵی یەكەم پێشكەشكرا كە تایبەت بوو بە ئاسایشی ئاو، ئەم پانێڵە لەلایەن عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم و د. خالید تەیب پ.ی مامۆستای كۆلێژی زانستە كشتوكاڵیەكان و د دیاری علی پ.ی سەرۆكی بەشی  جیۆلۆجی لە زانكۆی سلێمانی و د. ڕێژین هارون سەرۆكی بەشی كارگێڕی كاری كشتوكاڵی و گەشەپێدانی ناوچە گوندنشین لە كۆلێژی كشتوكاڵ.

 

 بەشداربوانی ئەم پانێڵە ئاماژەیان بە جۆرەكانی ئاو و سەرچاوەكانی ئاو دا، هەروەها باسیان لەوەش كرد ئەوەیە كە ئاوی هەرێم كەمترین خوێی تێدایە.