سلێمانی..كێشه‌ی خانووه‌ پلاستیكیه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێت

پارێزگای سلێمانی

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن و به‌دواداچوون بۆ كێشه‌كانی كشتوكاڵكردنی ناو خانووه‌ پلاستیكییه‌كان، ڕێكخراوی خانووی پلاستیكی له‌ گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و دام و ده‌زگاكانی حكوومه‌ت كۆبووه‌ و قائیمقامی سلێمانیش ڕایگه‌یاند به‌ هه‌موو شێوه‌یك پشتیوانی بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ ده‌كه‌ین.

9-3-2017 به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوونی كێشه‌ و گرفته‌كانی كشتوكاڵی خانووی پلاستیك به‌ ئاماده‌بوونی قائیمقامی سلێمانی و به‌شێك له‌ دام و ده‌زگا حكومییه‌كان و كه‌سانی پسپۆڕی كشتوكاڵی هه‌ردوو ڕێكخراوی گه‌شه‌پێدانی ئابووری و خانووی پلاستیكی له‌ هۆڵی ڕێكخراوی (كیدۆ) كۆبوونه‌وه‌ و كێشه‌ و كه‌م و كورتییه‌كانی كشتوكاڵی ناوخانووی پلاستیك گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا.

ئاوات محمد قائیمقامی سلێمانی ڕایگه‌یاند: پێویسته‌ له‌ كاتی قه‌یرانه‌كاندا كۆبوونه‌وه‌كانمان زیاد بكه‌ین تا پێكه‌وه‌ بتوانین به‌سه‌ر كێشه‌ و گرفته‌كاندا سه‌ركه‌وتووبین ، ده‌ستخۆشیان لێ ده‌كه‌ین و وه‌ك دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكار و پشتیوان ده‌بین بۆ بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ.

وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌می كرده‌یی كۆبوونه‌وه‌كه‌، هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا كه‌ ئاماده‌كاری بكرێت بۆ كردنه‌وه‌ی خولی ڕاهێنان بۆ ئه‌ندازیارانی كشتوكاڵی و جوتیاران.

كشتوكاڵكردن له‌ خانووی پلاستیكی به‌رهه‌مهێنانی زیاتره‌ و كۆنترؤڵكردنی به‌روبومه‌كانیش ئاسانتره‌، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ناو هه‌ر خانوویه‌كی پلاستیكیدا سیستمی هه‌وایی سارد و گه‌رم و هه‌واگۆڕكییان تێدایه‌ و به‌ پێ ی وه‌رزه‌كان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت و تا ڕاده‌یه‌كی باش به‌رهه‌می ناوخۆییان زیادكردووه‌.