سلێمانی.. نەخۆشی سالاسیمیا بەرەو كۆنتڕۆڵكردن و نەمان دەچێت

پارێزگای سلێمانی
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە ئێستادا بەهۆی جێبەجێكردنی پرۆگرامێكی تایبه‌ته‌وه‌ توانیویەتی لەدایك بوونی منداڵی توشبوو بە نەخۆشی سالاسیمیا بەرەو كەمبونەوە و نەمان بەرێت.

بەپێی ئامارێكی تایبەتیش لەناو سەنتەری سالاسیمیا لەسنوری بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیدا، رێژەی نەخۆشییەكە لە شارەكەدا بە باشترین شێوە كۆنتڕۆڵكراوە،ئەمەش بەهۆی ئەو پرۆگرامەی لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیەوە جێبەجێكراوە كە تایبەتە بە ئەنجامدانی پشكنینی پێش هاوسەرگیری. لە هێڵكاریەكیشدا كەلەلایەن چەند پزیشكێكی پسپۆڕەوە بڵاوكراوەتەوە دەردەكەوێت پشكنینی پێش هاوسەرگیری بووەتە هۆی دابەزاندنی ژمارەی لەدایكبوونی ئەو منداڵانەی توشبووی سالاسیمیان. لە هەمان هێڵكاریدا ئەوە خراوەتەڕوو، لەساڵی 2016دا ڕێژەكە دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە لەچاو چەند ساڵی پێشتردا كە تەنها 5 منداڵی توشبوو بەو نەخۆشییە لەدایك بوون لەو ساڵەدا. ئەمەش دەریدەخات رەنگە لە چەند ساڵی داهاتوودا لەدایكبوون بەم نەخۆشییە نەهێڵرێت و لە ئێستادا سلێمانی پێشەنگە لەڕووی ئەم خزمەتگوزارییەوە. 
له‌ سایتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌