سلێمانی..ڕۆژی ده‌ستپێكردنی قه‌ده‌غه‌ی ڕاوه‌ ماسی دیاری كرا

پارێزگای سلێمانی

له‌ نووسراوێكی هۆبه‌ی به‌رهه‌مهێنان و گه‌شه‌پێدانی سامانی ماسی سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی سلێمانی ڕوونكراوه‌ته‌وه‌ به‌ پێ ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی پێیان دراوه‌ قه‌ده‌غه‌كردنی ڕاوه‌ ماسی له‌ پارێزگای سلێمانی له‌ ڕۆژی 20 مانگی ئازار ده‌ستپێده‌كات و هه‌تا 19 حوزه‌یران به‌رده‌وام ده‌بێت.

هه‌ر له‌ نووسراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌دا ڕاوكردنی ماسی به‌ ڕێگه‌ی تۆڕ و قولاب و هه‌ر ڕێگایه‌كی دیكه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌.

هۆبه‌ی به‌رهه‌مهێنان و گه‌شه‌پێدانی سامانی ماسی سلێمانی داواكاری ئاڕاسته‌ی دام و ده‌زگا حكومییه‌كان و قائیمقامیه‌ت و هه‌موو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كات هاوكاریان بن له‌ جێبه‌جێكردنی ڕێنماییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی سامانی ماسی پارێزراو بێت.

جێ باسه‌ هه‌موو ساڵێك وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێناو پاراستن و زیادبوونی سامانی ماسی بۆ ماوه‌ی سێ مانگ قه‌ده‌غه‌كردنی ڕاوكردنی ماسی ڕاده‌گه‌یه‌نێت.