ئەمرۆ 19ی ئازاری 2017، سەردار قادر ل.پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد لە باڵیۆزی سویسرا لە عەمان كە هاوكات نێردەی دیپلۆماسی ئەو وڵاتەیە بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان، لەدیدارێكدا باسی هەماهەنگی هەردوولا كراو پارێزگاری سلێمانیش داوای كرد سویسرا لەچەند رووییەكەوە پشتیوانی لە ئیدارەی سلێمانی بكات.
لەسەرەتای دیدارەكەدا پارێزگاری سلێمانی كورتەیەكی لەبارەی پارێزگای سلێمانییەوە خستەروو، پاشان ئاماژەی بە كاریگەرییەكانی شەڕی داعش و هاتنی ئاوارەكان و قەیرانی دارایی كرد لەسەر خاوكردنەوەو لاواز كردنی خزمەتگوزراییەكان و گەشەپێدانی پارێزگاكە و و داوای كرد بەوپێیەی سویسرا وڵاتێكە لەبواری خزمەتگوزاری گشتیدا جێ دەستی دیارە لە وڵاتانی هەژارو كەم دەرامەت هاوكاری هەرێمیش بكەن بەتاییەت هاوكاریكردنی خێزانە كەمدەرامەتەكان.
پارێزگار لەتەورێكی تردا باسی كەموكوڕییەكانی سیستمی ئیداری هەرێمی كرد بەتایبەت ئیدارەو سیستمی بانكی و داوای كرد سویسرا وەك وڵاتێكی پێشكەوتوو لەبواری سیستمی بانكی دا هاوكار ی هەرێم و سلێمانی بكەن بۆ پێشخستنی ئەو بوارە.
هەروەك پارێزگار هیوای خواست لەگەڵ سویسرا كار بكرێ بۆ گواستنەوەی ئەو كلتوری ئارامی و سەقامگیرییەی لەو وڵاتە هەیە و نەوەی نوێی لەسەر پەروەردە بكرێت.
لەلای خۆشیەوە باڵیۆزی سویسرا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە بۆ یەكەم جارە سەردانی سلێمانی دەكات و رۆڵی پێشمەرگەی لە شەڕی تیرۆردا بەرز نرخاندوو دەستخۆشی لەهاووڵاتیان و حكومەتی هەرێم كرد كە ژمارەیەكی زۆر ئاوارەیان لەخۆ گرتووەو پەنا داوە.
خۆشحاڵی خۆشی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای سلێمانی دەربڕی.