زیاده‌ڕه‌ویه‌كانی ناوچه‌ی كانی به‌ردینه‌ی سلێمانی لاده‌برێت

پارێزگای سلێمانی

سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی هه‌ڵمه‌تێكی ڕووخاندنی خانوو و زه‌وی جیاكراوه‌ له‌ ناوچه‌ی (كانی به‌ردینه‌) نزیك پاركی هه‌واری شار ئه‌نجامدا و ئیفرازی سه‌رجه‌م زه‌ویه‌كانیشی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

به‌شی زیاده‌ڕه‌وی له‌ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی به‌ هاوكاری هێزی ئاساییش و چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان هه‌ستان به‌ لابردنی ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ی كه‌ كه‌سانی زیاده‌ڕه‌ویكار به‌ هاوكاری چه‌ند ڕوپێوێكی شاره‌وانی ئه‌نجامیان دابوو له‌ ناوچه‌ی (كانی به‌ردینه‌) نزیك پاركی هه‌واری شار.

زیاده‌ڕه‌ویكاره‌كان هه‌ستابوون به‌ دابه‌شكردن و جیاكردنه‌وه‌ی زه‌وییه‌كان به‌ ویستی خۆیان به‌مه‌به‌ستی فرۆشتنه‌وه‌ی ئه‌و زه‌ویانه‌ به‌ هاووڵاتیان.

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌ ئاگاداری داواكاری گشتی دادگای سلێمانی ئه‌نجامدراوه‌ وه‌ ئاماژه‌ش به‌ چه‌ند كه‌سێك و ڕوپێوێكی شاره‌وانی دراوه‌ كه‌ له‌م كاره‌دا تێوه‌گلاون و وا بڕیاره‌ به‌م نزیكانه‌ ڕووبه‌ڕووی سزای یاسایی ببنه‌وه‌.