بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری پشووەكانی نەورۆزی ڕاگەیاند

پارێزگای سلێمانی
بەپێ‌ ی ئامارەكانی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لەماوەی پشووەكانی جەژنی نەورۆزدا 70 منداڵی كوڕو 68 منداڵی كچ لە سلێمانی له‌  دایكبوون، لەبەرامبەریشدا سێ حاڵەتی گیان لەدەستدان هەبوە كە دوانیان بە ڕووداوی هاتوچۆ و یەك حاڵەتیشیان بەڕووداوی كەوتنە خوارەوە بووە.

ئامارەكان لە هەر چوار ڕۆژی جەژنی نەورۆزدا تۆماركراوە واتە ڕۆژانی 21هه‌تا 24/3/2017 لەناو هەریەك لە نەخۆشخانەكانی وەك: فریاكەوتنی خێرای نەشتەرگەری، منداڵبوون، سوتاوی لە شاری سلێمانی.

بەپێی هەمان ئامار، 30 حاڵەتی برینداربوون بە ڕووداوەكانی هاتوچۆ و 14 برینداری شەڕو پێكدادان و شەڕە چەقۆ و 14 برینداری كەوتنە خوارەوە و  31 ڕووداوی جیاجیا هەبوە كە لەناو نەخۆشخانەی فریاكەوتنی خێرای نەشتەرگەریدا تۆماركراوە.

هەروەها لەو ماوەیەدا سێ‌ هەزارو 44 نەخۆش سەردانی هەمان نەخۆشخانەیان كردوە، لەو ڕێژەیەش سێ‌ سەد و 21 كەسیان داخڵكراون و ماونەتەوە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری زیاتر.

لەهەمان ماوەدا سەد و 12 كەس بەڕووداوە جیاجیاكانی سووتان سەردانی نەخۆشخانەی سوتاوی و نەشتەرگەری جوانكارییان كردوە، لەو ڕێژەیەش 7 نەخۆشیان داخڵی ناو نەخۆشخانەكە كراون و ماونەتەوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی زیاتر.