بەپێ ی ئامارەكانی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لەماوەی پشووەكانی جەژنی نەورۆزدا 70 منداڵی كوڕو 68 منداڵی كچ لە سلێمانی دایكبوون، لەبەرامبەریشدا سێ حاڵەتی گیان لەدەستدان هەبوە كە دوانیان بە ڕووداوی هاتوچۆ و یەك حاڵەتیشیان بەڕووداوی كەوتنە خوارەوە بووە.
ئامارەكان لە هەر چوار ڕۆژی جەژنی نەورۆزدا تۆماركراوە واتە ڕۆژانی 21-24/3/2017 لەناو هەریەك لە نەخۆشخانەكانی وەك: فریاكەوتنی خێرای نەشتەرگەری، منداڵبوون، سوتاوی لە شاری سلێمانی.
بەپێی هەمان ئامار، 30 حاڵەتی برینداربوون بە ڕووداوەكانی هاتوچۆ و 14 برینداری شەڕو پێكدادان و شەڕە چەقۆ و 14 برینداری كەوتنە خوارەوەو 31 ڕووداوی جیاجیا هەبوە كە لەناو نەخۆشخانەی فریاكەوتنی خێرای نەشتەرگەریدا تۆماركراوە.
هەروەها لەو ماوەیەدا سێ هەزارو 44 نەخۆش سەردانی هەمان نەخۆشخانەیان كردوە، لەو ڕێژەیەش سێ سەدو 21 كەسیان داخڵكراون و ماونەتەوە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری زیاتر.
لەهەمان ماوەدا سەدو 12 كەس بەڕووداوە جیاجیاكانی سووتان سەردانی نەخۆشخانەی سوتاوی و نەشتەرگەری جوانكارییان كردوە، لەو ڕێژەیەش 7 نەخۆشیان داخڵی ناو نەخۆشخانەكە كراون و ماونەتەوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی زیاتر.