له‌ هاویندا ئاوى سلێمانى زیاد ده‌كات

پارێزگای سلێمانی

 

 

له‌ رۆژى جیهانى ئاودا فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى سلێمانى سیمینارێك ساز ده‌كات و پارێزگارى سلێمانیش رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌موكوڕیمان له‌ دابین كردنى ئاوى خواردنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كه‌موكوڕییه‌كان خراوه‌ته‌گه‌ڕوو له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا كاركردن له‌هێڵى دووه‌مى ئاوى سلێمانى ده‌ستى پێكردووه‌ته‌وه‌.

 

ئه‌مرۆ 28ى ئادارى 2017 له‌ هۆڵى هۆتێل تایتانیك ، فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى سلێمانى سیمینارێكى تایبه‌تى به‌ رۆژى جیهانى ئاو  رێكخست. 

 

له‌ سیمیناره‌كه‌دا كه‌ له‌ژێر دروشمى (پاراستنى ئاو ئه‌ركێكى نیشتیمانییه‌) به‌رێوه‌چوو ، هه‌ر یه‌ك له‌ سه‌ردار قادر ل. پارێزگارى سلێمانى و عه‌بدول ره‌حمان عه‌بدول ره‌حیم  وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى ژینگه‌و حاكم سه‌مه‌د محه‌مه‌د سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ژینگه‌ و ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له‌ به‌رێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌كانى سلێمانى و كه‌سانى پسپۆرى بواره‌كه‌ ئاماده‌بوون.

 

  سه‌ردار قادر ل. پارێزگارى سلێمانى  له‌وته‌یه‌كدا تیشكى خسته‌سه‌ر گرنگى سامانى ئاو بۆ هه‌رێمى كوردستان و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌و كه‌موكوڕیانه‌ش كرد كه‌ له‌ئیداره‌دان و دابینكردنى ئاودا هه‌ن له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى.

 

پارێزگارى سلێمانى روونى كرده‌وه‌ كێشه‌ى گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌ دابینكردن و دابه‌شكردنى ئاوى خواردنه‌وه‌ بۆ هاووڵاتیان ئه‌وه‌ش پێویستى به‌چاره‌سه‌ر هه‌یه‌.

وتیشى وێراى قه‌یرانى دارایى به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانه‌ به‌رده‌وامه‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ده‌ست كراوه‌ته‌وه‌ به‌كاركردن له‌ هێڵى دووه‌مى ئاوى سلێمانى و به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ پێشبینى ده‌كرێت بۆ هاوینى ئه‌مساڵ پێدانى ئاو به‌شارى سلێمانى و شارۆچكه‌كانى ده‌وروبه‌رى باشتر ببێت.

 

پارێزگار راشیگه‌یاند نابێت سامانى ئاو  هه‌مان مامه‌ڵه‌ى سامانه‌ سروشتیه‌كانى له‌گه‌ڵ بكرێت و به‌ ته‌ینا به‌ موڵكى نه‌وه‌یه‌ك بزانرێت.

 

ده‌ستخۆشیشى له‌ فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ كرد بۆ رێكخستنى ئه‌و سیمیناره‌و  داواى كرد رێنماى و ئه‌نجامه‌كانى ئاراسته‌ى ده‌زگاكانى حكومه‌ت بكرێن بۆ ئه‌وه‌ى كاریان له‌سه‌ر بكرێت.