كۆمارى چیك كۆڕبه‌ندێك بۆ په‌ره‌پێدانى كشتوكاڵ له‌ سلێمانى به‌رێوه‌ده‌بات

پارێزگای سلێمانی

 

 

له‌ژێر چاودێرى پارێزگارى سلێمانى و كۆنسوڵى گشتى كۆمارى چیك له‌هه‌رێمى كوردستان و به‌هاوكارى یه‌كێتى هاورده‌و هه‌نارده‌كارانى هه‌رێمى كوردستان و به‌رێوه‌به‌رایه‌تى كشتوكاڵى سلێمانى ، كۆڕبه‌ندێك بۆ په‌ره‌پێدانى كشتوكاڵ له‌ سلێمانى به‌رێوه‌چوو.

 

له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌داباس له‌ گرنگى كشتوكاڵ بۆ  په‌ره‌پێدانى ژێرخانى ئابورى هه‌رێم كراو ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كرا كشتوكاڵ هاوشانى نه‌وته‌ ده‌توانێت رۆڵى گرنگ له‌ پێشخستنى ئابورى هه‌رێمى كوردستاندا بگێرێت.

 

 كونسوڵى گشتى كۆمارى چیك له‌هه‌رێمى كوردستان له‌ وته‌یه‌كدا رایگه‌یاند: كونسوڵخانه‌كه‌یان كار ده‌كات بۆ به‌ره‌وپێش بردنى ئابورى هه‌رێم و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا كۆمه‌ڵێك كۆمپانیاى چیكى ئاماده‌ن كار بكه‌ن بۆ پێشخستنى كشتوكاڵ له‌هه‌رێمى كوردستان.

وتیشى: باشتره‌ حكومه‌تى هه‌رێمى سیاستى تاك سه‌رچاوه‌ى كه‌ خۆى له‌ پشت به‌ستن به‌ نه‌وت ده‌بینێته‌وه‌ بگۆڕێت و كار له‌سه‌ر زیندووكردنه‌وه‌ى كه‌رتى كشتوكاڵ بكات.

روونیشى كرده‌وه‌ یه‌كه‌مین كار كه‌ پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌نجامى بدات هاندانى وه‌به‌رهێنه‌رانى ده‌ره‌كییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌هه‌رێم وه‌به‌رهێنان بكه‌ن..

 

راشیگه‌یاند: كارده‌كه‌ن بۆ هاندانى وه‌به‌رهێنه‌ره‌ چیكییه‌كان تا بێنه‌ هه‌رێمى كوردستان و كارى وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.

 

له‌ وته‌یه‌كیشدا سه‌ردار قادر ل.پارێزگارى سلێمانى ، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كرد ده‌مێكه‌ دۆسته‌كانمان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و كه‌سانى شاره‌زا روونیان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ نابێت هه‌موو سێوه‌كانمان بخه‌ینه‌ سه‌به‌ته‌ى نه‌وته‌وه‌و ته‌نیا پشت به‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ببه‌ستین.

سه‌ردار قادر كۆربه‌نده‌كه‌ى به‌گرنگ وه‌سف كردوو ئاماده‌ى هه‌موو فه‌رمانگه‌و ده‌زگا حكومییه‌كانى سلێمانى نیشاندا بۆ پشتیوانى له‌ بریارو رێنماییه‌كانى كۆڕبه‌نده‌كه‌.

 

هه‌روه‌ك وتیشى: له‌ كوردستان كۆمه‌ڵێك قه‌یرانى  سیاسى و ئابورى و یاسایى هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ فێربووین له‌دواى قه‌یران هه‌ستینه‌وه‌و كار بكه‌ین بۆ هه‌ستانه‌وه‌ى كۆى سێكته‌ره‌كان.

 

روونیشى كرده‌وه‌ كوردستان وڵاتێكى به‌پیته‌و له‌رووى مرۆیشه‌وه‌ تواناى زۆرى هه‌یه‌ و وه‌ك ئیداره‌ى خۆجێیش بریاریانداوه‌ هه‌ستنه‌وه‌و كارى یه‌كه‌میش خزمه‌تى خه‌ڵك بێت.

 

پارێزگار زۆر سوپاسى كۆمارى چیكیشى كرد كه‌ به‌ته‌نگ بوژاندنه‌وه‌و گه‌شه‌پێدانى كشتوكاڵى هه‌رێمه‌وه‌یه‌و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ كۆڕبه‌نده‌كه‌ش خواست.

 

له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا ئه‌وه‌ خرایه‌ روو كه‌ 6 كۆمپانیاى چیكى و زانكۆیه‌كى تایبه‌تمه‌ندى ئه‌و وڵاته‌ ئاماده‌ى كۆڕبه‌نده‌كه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ یارمه‌تى حكومه‌ت و كه‌رتى تایبه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌رێگه‌ى ته‌كنۆلۆژیاو شێوازى نوێوه‌ په‌ره‌به‌ بوارى كشتوكاڵ له‌هه‌رێم بده‌ن.