بەسەرپەرەشتی سەدار قادر ل. پارێزگاری سلێمانی كێشەی ئیزندانی 99 كرێكاری كارگەی چیمەنتۆی یەكگرتوو چارەسەركراو نوێنەرانی كرێكاران و نوێنەرانی كۆمپانیا گەیشتنە رێكەوتن.
ئەمرۆ 29ی ئادار بەسەرپەرەشتی سەردار قادر ل.پارێزگاری سلێمانی كۆبوونەوەیەك بۆ چارەسەری كێشەی ئیزندانی 99 كرێكاری كارگەی چیمەنتۆی یەكگرتوو لەنێوان نوێنەری كۆمپانیاكانی فاروق هۆڵدین و لافارج و سەندیكای كرێكاران و نوێنەری ئەو كرێكاران بەرێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا داواكاری و كێشەی ئەو كرێكارانە خرایە بەرباس و لەكۆتایشدا هەردوو لایەن گەیشتنە رێكەوتنێك بۆ كۆتایهێنان بە كێشەكانیان.
بەپێی رێكەوتنەكە كۆمپانیا بەسەر یەكەوە بۆ هەر ساڵێكی خزمەت موچەی 2 مانگ و نیو دەدات بە كرێكارەكان.
هاوكات ئەو كۆمپانیایەی بەرێوەبردنی كارگەكە وەردەگرێتەوە مەرجە لەسەری كە بۆ كاركردن ئەولەویەت بدات بەو كرێكارانە.
لەكۆبووەكەدا پارێزگاری سلێمانی دەستخۆشی لە هەردوو لا كردوو تەئكیدی كردەوە كە ئەوان هەمیشە پشتیوانی لە كرێكاران دەكەن و ناهێڵن مافەكانیان پێشل بكرێت، سوپاسی هەردوو كۆمپانیاشی كرد كە بەدەم داواكاری كرێكارانەوە هاتوون.