وابڕیارە لە ئایندەدا لەسەر ئەركی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، دوو تاقیگەی پێشكەوتووی تایبەت بە پشكنینی ئاو و خۆراك لەشاری سلێمانی دروست بكرێن.
بەپێی وتەی د.میران محەمەد بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، دروستكردنی ئەو دوو تاقیگەیە بەشێوازێكی مۆدێرن و سەردەمیانە دەبێت و لەسەر ئەركی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO دەروست دەكرێت.
د.میران محەمەد وتی: هەردوو تاقیگەكە لە ناو بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی دەبێت كه یهكێكیان بۆ پشكنینی ئاو و ئەوەی دیكەشیان بۆ پشكنینی خۆراك دەبێت، سیستەمەكە بەجۆرێكە كە شایستەی هەرێمی كوردستان و شاری سلێمانی بێت.
وتیشی: ئەم هەنگاوەش گرنگ و پڕبایەخە بۆ خۆئامادەكرن و ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كولێرا كە ساڵانە هەوڵێكی جدی بۆ دەدەین و توانیومانە ڕێگری لێ بكەین، بۆیە لەڕێی ئەم جۆرە تاقیگانەوە دەتوانرێت پشكنینەكانی ئاو و خۆراك بەشێوازێكی پێشكەوتوو ئەنجام بدەین هەروەها بەهۆیەوه باشتر دەتوانین ڕێگری بكەین لە بڵاوبونەوەی نەخۆشییە گوازراوەكان.