سلێمانی: نرخی وەستانی ئۆتۆمبیل دیاریکرا

پارێزگای سلێمانی

بەمەبەستی چاودێری کردنی پارکی ( گەراج ) وەستانی ئۆتۆمبێل، لیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی سەردانی زۆربەی پارکی وەستانی ئۆتۆمبێلەکانی شاری سلێمانیان کردووە و لە بەرز نەکردنەوەی نرخ ئاگاداری کردونەتەوە و ھەرشوێنێکیش پاپەند نەبێت رووبەرووی یاسای دەکەنەوە.


گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی وتی"لەدوای بڕیاری ڕێکخستنەوەی  بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بەشێک لە خاوەن گەراجەکان نرخی وەستانی ئۆتۆمبێلیان بەرزکردوەتەوە ئەمەش لەلایەن قایمقامیەتی سلێمانی رێگە پێ نەدراوە، بۆیە بە بڕیاری قایمقامی سلێمانی  لیژنەی باڵا بە ھاوکاری لیژنەی ھاتوچۆ، سەردانی زۆربەی پارکی وەستانی ئۆتۆمبێلمان کردووە و لە بەرز نەکردنەوەی نرخ ئاگادارمانکردونەتەوە".

هەروەها وتیشی"بەپێی ئەو پلەبەندیەی کە بۆ پارکەکانی وەستانی ئۆتۆمبێل کراوە رێنمایی خاوەنەکانیانمان کردووە کە نرخ و کاتی وەستان ھەڵبواسن بۆ ئەوەی خاوەن ئۆتۆمبێل بیزانێ".

دەربارەی پلەبەندی و نرخەکان بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئەوەشی وت، نرخەکان بەپێی پلەبەندیەکان دیاری کراوە کە پێویستە خاوەن پارکەکان پابەندبن پێوەی"ھەر خاوەن پارکێک سەرپێچی بکات لەو نرخەی کە بۆی دیاری کراوە و زیاتر وەربگرێت رووبەڕووی سزای یاسای دەکەینەوە".

قایمقامیەتی سلێمانی نرخی پارکینی ئۆتۆمبێل  بۆ شەش کاتژمێر بەم جۆرەیە:

1-پارکی داخراو لەگەڵ قیر یان چیمەنتۆ کرابێت نرخەکەی هەزار و 500 دینارە.

2-پارکێک کە قیر یان چیمەنتۆ کرابێت، واتە کراوەبێت ھەزار و 250 دینارە.

3- پارکی بێ خزمەتگوزاری واتە گڵ بێت نرخەکەی ھەزار دینارە.