به‌ئاماده‌بوونى وه‌زیرى كشتوكاڵ كۆبوونه‌وه‌ى وه‌رزى كشتوكاڵى سلێمانى به‌رێوه‌چوو

پارێزگای سلێمانی

 

 

به‌سه‌رپه‌ره‌شتى سه‌ردار قادر ل.پارێزگارى سلێمانى و ئاماده‌بوونى عه‌بدول ستار مه‌جید وه‌زیرى كشتوكاڵى هه‌رێمى كوردستان و به‌ به‌شدارى لیژنه‌ى كشتوكاڵى په‌رله‌مانى كوردستان و قائیمقامى سلێمانى به‌رێوه‌به‌رى گشتى كشتوكاڵى سلێمانى و به‌رێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌كانى كشتوكاڵى سلێمانى و سه‌رۆكى یه‌كێتى وه‌به‌رهێنه‌ران و ژوورى بازرگانى سلێمانى و یه‌كێتى هاورده‌و ناردنكارانى سلێمانى ،چه‌ند لایه‌نێكى په‌یوه‌ندیدار ، كۆبوونه‌وه‌ى فراوانى وه‌رزانه‌ى  كشتوكاڵیى سلێمانى به‌رێوه‌چوو.

 

ئه‌جنداى سه‌ره‌كى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بریتى بوو له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى ره‌وشى كشتوكاڵى سلێمانى و كێشه‌و گرفته‌كانى و هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌شه‌پێدانى  ئه‌و كه‌رته‌ گرنگه‌.

 

پارێزگارى سلێمانى به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ دواو ئاماده‌بوونى وه‌زیرى كشتوكاڵى هه‌رێمیشى به‌ پشتگیرییه‌كى باش  وه‌سف كرد.

پارێزگارى سلێمانى له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسى له‌هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌ كرد كه‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌ر رێگه‌ى گه‌شه‌پێدانى  كه‌رتى كشتوكاڵ له‌ پارێزگاكه‌دا.

 

پارێزگار وتى: قه‌یرانى دارایى به‌توندنى كارى كردوه‌ته‌ سه‌ر كاروباره‌كانمان و وه‌ك پێویست ناتوانین به‌ده‌م ئیش وكاره‌كانى كشتوكاڵه‌وه‌ بچین.

وتیشى: په‌ككه‌وتنى په‌رله‌مانیش كارى له‌سه‌ر كاره‌نمان كردووه‌، چونكه‌ ناتوانین پاڵپشتى یاسایى بۆ رووبه‌روونه‌وه‌ى كێشه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین.

 

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ى زیاده‌رۆیش بۆ سه‌ر زه‌وى كشتوكاڵى پارێزگارى سلێمانى روونى كرده‌وه‌ ئه‌و گرفته‌ پێویستى به‌كارى گشتگیر هه‌یه‌و به‌ ته‌نیا لایه‌نێك چاره‌سه‌ر ناكرێت.

 

پارێزگار ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ كێشه‌یان له‌ دابه‌زاندنى ده‌سه‌ڵاته‌كاندا هه‌یه‌و یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان ده‌سه‌ڵاتى پێویستیان نییه‌ بۆ راپه‌راندنى كاره‌كانیان.

 

پێشنیاریشى كرد هه‌وڵ بدرێت بودجه‌یه‌كى تایبه‌ت بۆ كه‌رتى كشتوكاڵ دابنرێت و هاوكات كۆبوونه‌وه‌و كۆنفرانس و چالاكى تایبه‌ت به‌كه‌رتى كشتوكاڵ زیاد بكرێت.

 

هه‌ر  له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیرى كشتوكاڵى هه‌رێم له‌سه‌ر زۆر لایه‌نى ئه‌و كه‌رته‌ قسه‌ى كردوو ئاماژه‌ى بۆ سیاسه‌تى وه‌زاره‌ت كرد بۆ په‌ره‌پێدانى كه‌رتى كشتوكاڵ.

 

وه‌زیرى كشتوكاڵ رایگه‌یاند: ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له‌خه‌ڵكى هه‌رێم روویان له‌ كاركردن له‌ كه‌رتى كشتوكاڵ كردووه‌ته‌وه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ به‌رهه‌مى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان زۆر زیادى كردووه‌و ئێستاش سه‌رقاڵى ئه‌وه‌ن چۆن رێگه‌یه‌ك دابنێن بۆ ساغكردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌رهه‌مانه‌.

 

وتیشى: پاڵپشتى و هاوكارى هه‌ر بازرگانێك ده‌كه‌ین كه‌ به‌رهه‌مى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بكات.

وه‌زیر روونیشى كرده‌وه‌ باشترین بازار بۆ ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانى هه‌رێم بازاره‌كانى عیراقه‌و له‌ماوه‌یه‌كى نزیكیشدا سه‌ردانى به‌غداد ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانه‌ى هه‌یه‌.

وه‌زیرى كشتوكاڵ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد به‌هۆى پێگه‌یشتنى به‌رهه‌مى ناوخۆ له‌ 15ى نیسانه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ دانانى باج له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك به‌روبومى ده‌ره‌كى و روونیشى كرده‌وه‌ بۆ ئه‌مساڵ باج له‌سه‌ر هه‌ندێك به‌روبووم زیادكراوه‌و هاوكات چه‌ند به‌رهه‌مێك كه‌ ساڵانى رابردوو باجیان له‌سه‌ر نه‌بوو ئه‌مساڵ له‌سه‌ریان دانراوه‌و ئه‌مه‌ش بۆ پاراستنى به‌رهه‌مى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانه‌.

 

ته‌ئكیدشى كرده‌وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ى هاورده‌ى به‌روبومى كشتوكاڵى هاوسه‌نگى راده‌گرن و نایانه‌وێت بازرگانانى كوردستان زیانیان به‌ربكه‌وێت.

 

وه‌زیرى كشتوكاڵى هه‌رێم له‌به‌شێكى ترى قسه‌كانیدا رایگه‌یاند: پاڵپشتى وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن له‌ بوارى كشتوكاڵدا و هانى وه‌به‌رهێنه‌رانى دا له‌و كه‌رته‌دا كار بكه‌ن.

 

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ندین بابه‌ت و كێشه‌و گرفتى كه‌رتى كشتوكاڵ به‌وردى باسى لێوه‌كراو ته‌ئكید كرایه‌وه‌ كه‌ به‌هه‌موو لایه‌ك كار بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان و په‌ره‌پێدانى  كشتوكاڵ له‌پارێزگاى سلێمانى.

 

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش وه‌زیرى كشتوكاڵى هه‌رێمى كوردستان و پارێزگارى سلێمانى كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌نووسیان به‌ست و وه‌ڵامى رۆژنامه‌نووسانیان دایه‌وه‌.