له‌ باره‌ی خه‌رجكردنی پاره‌ی به‌شه‌ خۆراكی هاووڵاتیانه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك ده‌درێت

پارێزگای سلێمانی

 

ئەو بڕه‌ پارەیەی لەبەرامبەر بەشە خۆراک لەھاوڵاتیانی ھەرێم وەردەگیرێت بۆ بەغدا ناگەڕێندرێتەوە، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی دابەشکردنی خۆراکیش له‌ باره‌ی خه‌رجكردنه‌كه‌یه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌دات

شەوکەت محەمەد، بەرێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی خۆراکی سلێمانی بە SNNی رایگەیاند: بۆ بەشە خۆراکی ھەر ھاوڵاتییەک مانگانە ٢٥٠ دینار وەردەگیرێت، ئەو بڕە پارەیەش ٩٠ دیناری بۆ بریکاری خۆراک، ١٠٠ دیناری بۆ بریکاری ئاردو ٦٠ دیناریشی بۆ کرێی گواستنەوەی بەشە خۆراکەکە خەرجدەکرێت.
وەزارەتی بازرگانی عیراق ڕەخنەی لەحکومەتی ھەرێم گرتووە کە سەرەڕای ئەوەی بەغدا بەبەردەوامی بەشە خۆراکی ھاوڵاتیانی ھەرێم ڕەوانە دەکەن، بەڵام پارەی وەرگیراو لەھاوڵاتیانیان بۆ ناگەڕێندرێتەوە.
لەوبارەیەشەوە، شەوکەت محەمەد دەڵێت:"وەزارەتی بازرگانی عیراق پارەی گواستنەوەی خۆراکی ھاوڵاتیان نادات، لەکاتێکدا ئێمە مانگانە پێویستمان بەنزیکەی ٦٠٠ ملیۆن دینارە بۆ گواستنەوەی بەشە خۆراکی ھاوڵاتیان و حکومەتی ھەرێمیش ئەو ئەرکەی لەئەستۆ گرتووە، بۆیە ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا نییەو پەیوەندیمان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی ھەرێم ھەیە".
ئاشکراشیکرد: لەلایەن وەزارەتی بازرگانی ھەرێمەوە کێشەی گواستنەوەمان بۆ چارەسەرکراوە، بۆیە ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ گواستنەوە دیاریکراوە، ڕەوانەی بەغدا ناکرێتەوە.