پارێزگار هه‌وڵى چاره‌سه‌ر كێشه‌ى نێوان شوفێرانى مه‌رزه‌كان و عه‌لوه‌ى سلێمانى ده‌دات

پارێزگای سلێمانی

 

 

پارێزگار  له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى عه‌لوه‌ى سلێمانى و شوفێرانى  بارهه‌ڵگرى خاڵه‌ سنورییه‌كانى باشماخ و  سه‌یران به‌ن كۆبووه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانیان كێشه‌كه‌ش به‌هۆی گرفتی خاوه‌ن هێڵه‌كان و خاوه‌ن كاره‌كانى عه‌لوه‌ دروست بووه‌ له‌سه‌ر شێوازى به‌شدارى له‌ گواستنه‌وه‌ى باره‌كانیان. 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌ردار قادر ل. پارێزگارى سلێمانى ، رایگه‌یاند رێگه‌ ناده‌ن هیچ گروپێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆى  زیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندى  گشتی بدات و له‌و رووه‌شه‌وه‌  دووپاتى كرده‌وه‌ "به‌هیچ جۆرێك رێگه‌ به‌ داخستنى عه‌لوه‌ى سلێمانى ناده‌ن"

 

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ قائیمقامى سلێمانى و سه‌رۆكى ژوورى بازرگانى سلێمانى ئاماده‌ى بوون، پارێزگار به‌ وردى  گوێى له‌ داواكارى نوێنه‌رانى هه‌ردوو لا گرت بریاریدا به‌ دروستكردنى لیژنه‌یه‌ك له‌ فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و نوێنه‌رى عه‌لوه‌ى سلێمانى و شوڤێرانى بارهه‌ڵگرى مه‌رزه‌كان  بۆ لێكوڵینه‌وه‌ له‌ بریاردان له‌ كێشه‌كانیان.

 

پارێزگار ته‌ئكیدى كرده‌وه‌ له‌ ماوه‌یه‌كى  كه‌مدا لیژنه‌كه‌ كاره‌كانى خۆى ته‌واو ده‌كات و بریار له‌سه‌ر كێشه‌كه‌ ده‌دات.

جێگه‌ى باسه‌ شوڤێرانى بارهه‌ڵگر له‌ مه‌رزه‌كانى باشماخ و سه‌یران به‌ن كه‌ ژماره‌یان 615 شوڤێره‌ له‌گه‌ڵ شوڤێرانى عه‌لوه‌ى سلێمانى له‌سه‌ر چۆنێتى  و به‌شدارى له‌ گواستنه‌وه‌ى بار گرفت له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ شوڤێرانى مه‌رزه‌كان ناره‌زاییان ده‌ربڕیووه‌ و ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى له‌سه‌ر كاره‌كانى عه‌لوه‌ى سلێمانى دروست كردووه‌و بووه‌ته‌ هۆى گرانبوونى نرخى سه‌وزه‌و میوه‌ له‌ سلێمانى.