وا بڕیارە لە ئایندەدا بەشی چاودێری ورد لە نەخۆشخانەی منداڵانی شاری سلێمانی بەشێوازێكی نوێ و سەردەمیانە نۆژەنبكرێتەوە.
بەپێی وتەی د.میران محەمەد بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، كارەكە لەلایەن ڕێكخراوی (Giz/Qudra) ی ئەڵمانییەوە بەشێوەی كاری خێرخوازی جێبەجێ دەكرێت و بڕی زیاتر لە 6 دەفتەر دۆلاری لەلایەن ڕێكخراوەكەوە بۆتەرخان دەكرێت.
د.میران محەمەد وتی: سوپاسی هەر ڕێكخراو و كەسێك دەكەین كە دەستی هاوكاری بگەیەنێتە كەرتی تەندروستی لە شارەكەماندا، لە ئێستادا بەشی چاودێری ورد لە نەخۆشخانەی منداڵان لە ئاستی پێویستیدا نی یەو بەجێبەجێ كردنی ئەم پرۆژەیەش دەبینە خاوەنی بەشێكی چاودێری وردی پێشكەوتوو بۆ منداڵان كە نزیكەی 26 تەخت لە خۆ دەگرێت و خزمەتێكی بەرچاو بە شارەكەمان دەگەیەنێت.
لە لێدوانێكدا بۆ سایتی تەندروستی سلێمانی هاوڕێ ئەحمەد ڕەووف ڕاوێژكاری ڕێكخراوی ناوبراو ڕایگەیاند: جێ بەجێ كردنی ئەم پڕۆژەیە لەسەر پڕۆگرامی قودرەیە و ساڵانە ڕێكخراوەكەمان بڕی 200 هەزار یۆرۆ تەرخان دەكات بۆ هەر پارێزگایەك بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە كارانە.
ئەو ڕاوێژكارە ووتیشی: ماوەی تەواو بوونی پڕۆژەكە 4 مانگەو دوای بەجێ گەیاندنی ئەركە یاساییەكان بڕیارە لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت.