كلینكی ڕاوێژكاری نەخۆشیەكانی شەكرە لە سلێمانی كرایەوە

پارێزگای سلێمانی

بەمەبەستی كەمكردنەوەی فشاری سەرسەنتەری نەخۆشیيەكانی شەكرە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بەردەوام بە تووشبووانی شەكرە و هۆرمۆنەكانی گەشە و غودە، لەرێوڕەسمێكدا بەئامادەبوونی د. ڕێكەوت حەمە ڕەشید وەزیری تەندروستی هەرێم  و د. میران محەمەد بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و ژمارەیەك لێپرسراوانی تەندروستی، كلینكی ڕاوێژكاری ئێوارانی سەنتەری شەكرە و كوێرەگلاند لەشاری سلێمانی كرایەوە.


لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا د. ڕێكەوت حەمە ڕەشید وەزیری تەندروستی هەرێم لەبارەی گرنگی كردنەوەی ئەو كلینكی راوێژكارییە بەسایتی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی"dohsuli" ڕاگەیاند: سوپاسی  بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و هاوكارانی دەكات لەكردنەوەی ئەو كلینكی ڕاوێژكارییە و روونیكردەوە سیستمی ڕاوێژكاری لەهەرێمی كوردستاندا سیستمێكی باوە، ئێواران پزیشكی پسپۆڕ دادەنرێت بەنرخێكی كەمتر لەبازاڕ بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو هاوڵاتیانەی ئاستی دەرامەتییان نزمە یاخود مامناوەندە و توانای سەردان كردنی عیادە ئەهلیەكانیان نیە.


لای خۆیەوە د.میران محەمەد بەرێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وتیشی: لەمڕۆوە سەنتەری شەكرەیان  كردەوە بەڕووی هاوڵاتیاندا، كەهۆكارەكەی ئەوەیە نەخۆشی شەكرە وتووشبوون بەو نەخۆشییە ڕووی لەزیاد بوونە و ساڵ بەساڵ ژمارەی توشبووانی شەكرە زیاد دەكات ، بەپێی تازەترین ئامار كەلەماوەی چوارمانگی ئەمساڵدا لەسەنتەرەكەدا تۆماركراوە 1000 نەخۆشی تازە ناویان تۆماركراوە ، بۆیە بەبۆچوونی هەموولایەك بەباشیان زانی ئەو كلینكە بكرێتەوە بۆئەوەی خزمەتی زیاتر بەنەخۆش بكەن لەهەردوو كاتەكەدا.


هاوكات دێرین ئەحمەد بەڕێوبەری كارگێڕی سەنتەری شەكرەوكوێرەگلاند وتی: ئەم سەنتەرە گرنگیەكەی لەوەدایە پێشوازی لەناو نەخۆشەكانی ناو سەنتەری شار دەكات ،لەهەمانكاتدا  نەخۆشییەكانی قەزاو ناحیەكانی دیكەی دەوروبەری سلێمانی لەسەرە كە بەتەنیا شەفتێك ناتوانرێت ئەو هەموو نەخۆشە ببینرێت.