چوار تۆن گۆشتی سور له‌ ناو ده‌برێت

پارێزگای سلێمانی

پاش ده‌ست به‌سه‌راگرتنی له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانیه‌وه‌ زیاتر له‌ 4 تۆن گۆشتی خراپ بوو له‌ ناوده‌برێت و به‌ هۆی سه‌رپێچیه‌كه‌یه‌وه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی ڕووبه‌ڕووی سزای یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

ده‌روێش فه‌ره‌ج نوێنه‌ری ڤێته‌رنه‌ری و ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای قائیمقامیه‌تی سلێمانی ڕایگه‌یاند: دوای ده‌ست به‌سه‌راگرتنی بڕی نزیكه‌ی 4 تۆن گۆشتی به‌ستووی هاورده‌ له‌ یه‌كێك له‌ كارگه‌كانی دروستكردنی قیمه‌ی ئاماده‌كراو و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی باڵای قائیمقامیه‌تی سلێمانیه‌وه‌ دوای پشكنین له‌ تاقیگه‌دا ده‌ركه‌وت كه‌ ناشێت بۆ خواردن بۆیه‌ بڕیاری له‌ناوبردنی درا و له‌ ناوبرا.

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی باڵا ووتی: شوێنه‌كه‌ش داخراوه‌ تا خاوه‌نه‌كه‌ی سه‌ردانی قائیمقامیه‌ت بكات و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ گه‌ڵ بكرێت.