رۆژی سێ‌ شەمە نەخۆشخانەیەكی تری فریاكەوتن لەشاری سلێمانی دەكرێتەوە

پارێزگای سلێمانی

 

 

بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاشكرای دەكات رۆژی سێ‌ شەمە 23ی ئایاری 2017، بەشی فریاكەوتن(طواری) لە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی بەرووی هاووڵاتیاندا دەكرێتەوە.

دكتۆر میران محەمەد لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاشكرای كرد  ئامادەكارییەكان بۆ كردنەوەی بەشی فریاكەوتن لە نەخۆشخانەی شار تەواو بووەو رۆژی سێ‌ شەمەی ئەم هەفتەیە 23ی ئایار، دەرگای بەشەكە بەرووی هاووڵاتیاندا كراوە دەبێت و دەتوانن بۆ نەخۆشیە كوتوپڕەكان روو لەو نەخۆشخانەیە بكەن.

 

دكتۆر میران روونیشی كردەوە لە قۆناغی یەكەمدا ئەو نەخۆشانەی لە دەرەوەی شاری سلێمانی  بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن دەگوازرێنەوە دەبرێنە ئەو نەخۆشخانەیە.

 

وتیشی: بەكردنەوەی ئەو بەشە سلێمانی دەبێتە خاوەنی دوو نەخۆشخانەی فریاكەوتن و ئەو قەرەباڵغی و لۆدەی لەسەر نەخۆشخانەی فریاكەوتن هەبوو لەناو شار نامێنێت و نەخۆشەكان بە تایبەت ئەوانەی لەدەرەوەی شار دێن ئاسانتر و زووتر دەگەنە نەخۆشخانە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد لە بەشەكەدا پێشوازی لەهەموو جۆرە نەخۆشێك كە حاڵەتی  بەپەلەو كوتوپڕی هەیە دەكرێت.

 

نەخۆشخانەی شار دەكەوێتە سەر شەقامی شەستی مەلیك مەحمود نزیك گەڕەكی كوردسات و پردی دەباشان  لە شاری سلێمانی و بە نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەیش ناو دەبرێت، یەكێكە لە نەخۆشخانە گەورەو مۆدێرن و پێشكەوتووەكانی سلێمانی.