قائیمقامی سلێمانی ڕایگه‌یاند به ئامانجی بایه‌خدانی زیاتر به كه‌رتی كشتوكاڵ و زیادكردنی به‌روبوومی ناوخۆیی ئاماده‌ن هه‌موو هاوكاری و كارئاسانییه‌ك پێشكه‌ش به خاوه‌ن پڕۆژه و كیڵگه‌كانی تایبه‌ت به به‌خێوكردنی په‌له‌وه‌ر بكه‌ن، به پێ ئامارێكیش به به‌راورد به چه‌ند ساڵی ڕابردوو له پارێزگای سلێمانی ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی په‌له‌وه‌ری ناوخۆیی بۆ ئاستێكی به‌رچاو زیادی كردووه.
ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی له گه‌ڵ لێپرسراوانی په‌یوه‌ندیدار له پارێزگای سلێمانی و به‌ڵێنده‌رانی تایبه‌ت به به‌رهه‌مهێنانی په‌له‌وه‌ر كۆبووه‌وه و پاش ده‌ستنیشانكردنی گرفت و ئاسته‌نگه‌كان هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هاورده‌كردن و ئاستی به‌رهه‌می ناوخۆیی په‌له‌وه‌ر كرا له پارێزگای سلێمانی و به‌ڕه‌چاوگرتنی زۆری خواست له‌سه‌ری بڕیاردرا بایه‌خی زیاتر به پڕۆژه و كیڵگه و كوشتارگه‌كانی تایبه‌ت به په‌له‌وه‌ر بدرێت،
قائیمقامی سلێمانی ڕایگه‌یاند : دڵخۆشین به‌وه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دوایدا پرۆژه‌كانی تایبه‌ت به به‌رهه‌مهێنانی په‌له‌وه‌ری ناوخۆیی گه‌شه‌ی به‌رچاوی به خۆیه‌وه بینیوه و ئێستا ده‌توانین بڵێین تا ئاستێكی باش پێویستی بازاڕ پڕده‌كاته‌وه كه ئه‌مه‌ش هۆكارێكی باشه بۆ بوژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری و پشت به‌ستنی كه‌متر به هاورده‌كردنی په‌له‌وه‌ر له ده‌روه‌ی هه‌رێم، ئاوات محمد ئه‌وه‌شی ڕایگه‌یاند: به‌مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنان و پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی بازاڕ هه‌رچی پێویست بێت له هاوكاری و كارئاسانی ئاماده‌ن پێشكه‌شی خاوه‌ن پڕۆژه‌كانی بكه‌ن، له كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا پاش هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ به‌روبوومی ناوخۆیی و زۆر خواست له‌سه‌ر به‌روبوومی په‌له‌وه‌ر له مانگی ڕه‌مه‌زاندا بڕیاردرا بایه‌خی زیاتر به به‌روبوومی ناوخۆیی بدرێت و به پێ ی پێویست و خواستی بازاڕ ڕێگه به‌هاورده‌كردنی به‌روبوومی په‌له‌وه‌ری ده‌ره‌كی بدرێت.
له چوارچێوه‌ی ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنانه‌ی كه به‌دی هاتووه به پێ ی ئامارێك له سنوری پارێزگای سلێمانی (495) پرۆژه‌ی به‌خێوكردنی په‌له‌وه‌ر هه‌یه كه له ساڵێكدا توانای به‌رهه‌مهێنانی (18-20) ملیۆن مریشكی هه‌یه، به‌مه‌ش ڕێژه‌ی %87 پێداویستی بازاڕی ناوخۆ پڕ ده‌كاته‌وه ، هاوكات 2 كوشتارگه له پارێزگای سلێمانی هه‌یه كه له كاتژمێرێكدا توانای سه‌ربڕێنی 7 هه‌زار مریشكی هه‌یه، 9 پڕۆژه‌ی هه‌ڵهێنانی جوجكه هه‌یه كه له توانایدایه له ساڵێكدا 37 هه‌زار جوجكه هه‌ڵبهێنێت، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 5 كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئالیك له پارێزگای سلێمانیدا هه‌یه و ڕۆژانه به‌روبوومی ئالیك له ڕێگه‌یانه‌وه ڕه‌وانه‌ی پڕۆژه‌كانی تایبه‌ت به به‌رهه‌مهێنانی په‌له‌وه‌ر ده‌كرێت له پارێزگاكه‌دا.