بەپێی ئامارەكانی بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی كە لەناو سەنتەری سالاسیمیادا تۆماركراوە، دەركەوتووە كەمتر لەهەزار نەخۆشی سالاسیمیا لەسنوری پارێزگای سلێمانیدا هەیە.
هەروەها بەهۆی ئاستبەرزی و باشی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانەوە نەخۆش لەپارێزگاكانی دیكەی عیراقەوە هێنراونەتە سلێمانی بۆ مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.
لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی "dohsuli" د. لوقمان خالید بەڕێوبەری سەنتەری ناوبراو ئاماری نەخۆشی سالاسیمیای ڕاگەیاند و وتی: لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 3500 نەخۆشی سالاسیمیا تۆماركراوە، بێگومان هەموو ئەم ڕێژەیە لە دانیشتووانی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان نین، بەڵكو ژمارەیەكیان لە ئاوارە و پەنابەرەكانی نیشتەجێی هەرێمن.
وتیشی: بە دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری و ئاوارەكانیشەوە 1345 نەخۆشی سالاسیمیامان هەیە، لەو ڕێژەیەش 998 نەخۆشیان لەناو شاری سلێمانی و دەوروبەرین و 347 نەخۆشەكەی دیكەش لە ئاوارەكانی نیشتەجێی كەمپەكانی ناو سلێمانی و دەوروبەری پێكهاتوون.
بەڕێوبەری سەنتەری سالاسیمیا جەختیشیكردەوە، لەنێو تۆماركراوانی توشبوو بە سالاسیمیا رێژەی 47% یان لەڕەگەزی نێرن و 53%شیان لەڕەگەزی مێینەن.