له‌ سلێمانی به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوون به‌ مه‌رج و ڕێنمایه‌كانه‌وه‌ نۆ كافتریا داده‌خرێن

پارێزگای سلێمانی

  بەھۆی پابەند نەبوونیان بە مەرج و ڕێنماییەکانی کارکردنەوە، لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی نۆ کافتریا دادەخەن و سەرۆکی لیژنەھاوبەشەکانیش رایدەگەیەنێت پێشتر ئاگادارکراونەتەوە کە پابەندی رێنماییەکان بن

    گۆران قادر سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ووتی: لەچوارچێوەی سەردانەکانی لیژنە ھاوبەشەکان، لیژنەیەکی تایبەت بەردەوام سەردانی ریستۆرانت و کافتریا و ھۆڵەکانی بلیارد دەکات و پشکنین بۆ شوێنەکە ئەنجام دەدەن و  رێنمایی بە خاوەن شوێنەکان دەدات.    سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی قایمقامیه‌ت وتیشی: پێشتر ھەریەک لە کافتریاکانی ( شاز، دڵی شار، دەبۆیس، وەفایی، کیڤس، سەردەم، پاشا، شەن و رۆسان ) ئاگادار کرابونەوە کە پابەندی مەرج و رێنماییەکانی کارکردن بن، بەڵام بەھۆی سەرپێچی کردنیان، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنە ھاوبەشەکانەوە دادەخرێن تا ئەو کاتەی پابەندی مەرجەکان دەبن.
  دەربارەی رێنماییەکانی کارکردن سەرۆکی لیژنەکە ئەوەشی خستەروو کە مەرجەکان بریتین لە: ھەبوونی مۆڵەتی تەندروستی و گەشتوگوزار، پاک و خاوێنی و جیاکردنەوەی شوێنی ئامادەکردنی خواردن و خواردنەوە لەگەڵ نێرگەلە، رێگە نەدان بە ھاتوچۆی مناڵی خوار تەمەن 18 ساڵ و ھەبونی کارتی تەندروستی و ئیقامە بۆ کارمەندە بیانیەکان.