سلێمانی... یارییه‌ چوپه‌كان ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌

پارێزگای سلێمانی

به‌ هۆی نه‌بوونی مه‌رجی سه‌لامه‌تی له‌ یارییه‌ چوپه‌كاندا، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ستی به‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر په‌مپی هه‌وای چوپه‌كاندا گرتووه‌، سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت مه‌رجه‌كانی به‌رگری شارستانی جێبه‌جێ بكه‌ن ڕه‌زامه‌ندی كاركردنیان پێ ده‌درێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ گۆران قادر سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ووتی: له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا چه‌ند ڕووداوێكی نه‌خوازراوی گیان له‌ ده‌ستدان له‌ كاتی یاریكردن ڕوویداوه‌، بۆیه‌ به‌ فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌ست به‌سه‌ر زیاتر له‌ شه‌ست په‌مپی هه‌وای یارییه‌ چوپه‌كاندا گرتووه‌.

ده‌رباره‌ی وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی كاركردن سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ ووتیشی: له‌لایه‌ن به‌رگری شارستانییه‌وه‌ ڕه‌زامه‌ندی كاركردن به‌ خاوه‌نی یاریه‌ چوپه‌كان ده‌درێت ئه‌ویش له‌ دوای ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تی و شارستانیان جێبه‌جێ كرد، هه‌روه‌ها ئه‌و یارییانه‌ی كه‌ له‌ موڵكی شاره‌وانی دا دانراون پێویسته‌ خاوه‌نه‌كانیان سه‌ردانی شاره‌وانی سلێمانی بگه‌ن.