بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی كارەكانی ڕادەگرێت

پارێزگای سلێمانی

بە فەرمانێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاسپۆرتی عیراق، بڕیاردراوە بۆ ماوەی 14 رۆژ، هەموو جۆرە مامەڵەیەكی دەرهێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆرت لە سلێمانی و سەرجەم پارێزگاكانی دیكەی عیراق رابگیرێت.

عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند: " بەنوسراوێكی فەرمی، كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی عیراقەوە ئاراستەمان كراوە، بەهۆی گۆڕینی سیستمی كۆنی دەرهێنانی پاسپۆرت بۆ سیستمی نوێ، بڕیاردراوە بۆ ماوەی دوو هەفتە، هەموو جۆرە مامەڵەیەكی دەرهێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆرت لەسەر فەرمانگەكانی پاسپۆرت لە پارێزگاكانی عیراق رابگیرێت.

وتیشی: لە ئه‌مڕۆوه‌ 8ی ئابی 2017، كاری دەرهێنانی پاسپۆرت ڕادەگیرێت و تا رۆژی 23ی ئەم مانگە، بەردەوام دەبێت.

 بەڕێوەبەری گشتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی، داواشی لە هاوڵاتیان كرد، تا تەواوبوونی ئەو ماوەیە، سەردانیان نەكەن بەمەبەستی دەرهێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆرت، تەنها ئەو كەسانە نەبێت، كە بە سیستمی كۆن پاسپۆرتەكانیان تەواوبووە.