ڕۆژی 14/8/2017 لە سەرۆكایەتی تەندروستی سلێمانی، پرۆتۆكۆڵێك لەنێوان بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و ڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان واژوو كر،ا بەمەبەستی بەڕێوەبردن و خستنەكاری نەخۆشخانەی دڵی كراوەی منداڵان.
دوابەدوای واژووكردنی ڕێككەوتنامەكە هەریەك لە د.میران محەمەد بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و نوێنەری ڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان، تیشكیان خستەسەر ڕێككەوتنامەكە و كاریگەری لەسەر چارەسەركردنی نەخۆشيیە زگماكیەكانی دڵى منداڵان و كەمكردنەوەی كێشە و گرفتەكان لەسەر خێزانەكانیان.لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، بەرۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئێمە وەكو بەرێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لەگەڵ ڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان گرێبەستێكمان واژوو كرد، تێیدا بۆماوەی پێنج ساڵ نەخۆشخانەی نەشتەرگەری دڵی كراوەی منداڵان درا بەڕێكخراوی منداڵپارێز تا سەرپەرشتی بكات لەڕووی ئیداری و زانستییەوە.
وتیشی: دیارە ئێمە لەشاری سلێمانی (200) نەخۆشی منداڵمان هەیە كەپێویستییان بەنەشتەرگەری دڵ هەیە، لەو دووسەد نەخۆشە (50) منداڵیان پێویستی بەنەشتەرگەری هەیە لەسەنتەری پێشكەوتووی وەكو وڵاتی ئیتالیا، لەهەمانكاتدا ساڵانەش منداڵی تازە لەدایك دەبێت كەنەخۆشی زگماكیان هەیە بۆ ئەو مەبەستە پێویستە لەشاری سلێمانی نەخۆشخانەیەك هەبێت بۆ نەشتەرگەری دڵی منداڵ.
د.میران محەمەد ئەوەی خستەڕوو: ئەم نەخۆشخانەیەی لەئێستادا ڕادەستی منداڵپارێزی كوردستانی دەكەن، ئەو ڕێكخراوە لەگەڵ پزیشكانی پسپۆڕی وڵاتی ئیتالیا ئەم نەخۆشخانەیە بەڕێوەدەبەن، لەم نەخۆشخانەیەدا نەشتەرگەری دڵی منداڵی تێدا دەكرێت بەتایبەت ئەو كەیسانەی كەزۆر قورسن و بارگرانییان لەسەرشانی خێزانەكانیان دروست كردووە، لەمڕۆوە ئەم گرێبەستە دەچێتە بواری جیبەجێ كردنەوە.
لوقمان عەبدولڕەحمان بەڕێوبەری بەرنامەكان لەڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان، لەبارەی گرێبەستەكەیان بۆ كردنەوەی نەخۆشخانەی دڵی كراوەی منداڵان لەسلێمانی تایبەت بەسایتی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ڕاگەیاند: دیارە ئێمە ساڵانە (400 -500) منداڵی نەخۆش لەكوردستان چارەسەر دەكەین چ لەناوەو دەرەوە ئەمەش بەڕاستی تێچوویەكی زۆری دەوێت بۆ كەسوكاری نەخۆشەكان، بۆ ئەو مەبەستە ئێمە بیرمان لەوە كردەوە بەسوپاسەوە لەگەڵ بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕێككەوتین ئەو نەخۆشخانەیە وەربگرین بۆ ئەوەی هەموو توانای خۆمان چڕبكەینەوە ئەو منداڵانە چیتر پێویستیان بەوە نەبێت بنێردرێنە دەرەوە بۆچارەسەركردن.