سلێمانی....لیژنە ھاوبەشەکان ھاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە

پارێزگای سلێمانی
لەلایەن لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی یەوە بڕێک قارچکی ئێرانی دەستی بەسەردا دەگیرێت سەرۆکی لیژنەکان-یش ئاگاداری ھاوڵاتیان دەکاتەوە لەبەکارنەھێنانی.   گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: بەھۆی نەزانینی ماوەی بەسەرچوونی ئەو قارچکانەی لەبازاڕەکان بە شێوەی ھەڵرژاو(فەل) دەفرۆشرێت، لیژنە ھاوبەشەکان لەھەر دوکان و جێگایەک لێی بفرۆشترێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت.   گۆران قادر ووتی: پێکھاتەی خۆراکی لە قارچکدا بەجۆرێکە ناتوانرێت بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت رۆژ بەکار بھێنرێت، چونکە بەتێپەڕبوونی ئەو ماوە، بەھا خۆراکیەکەی لەدەست دەدات و قارچکەکە دەبێت بە ماددەیەکی ژەھراوی کە مەترسی بۆسەر تەندروستی مرۆڤ ھەیە.   سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکان ووتیشی: لە دوو رۆژی رابرودا، لیژنە ھاوبەشەکان دەستی بەسەر بڕێک قارچکی ھەڵڕژاوی ماوە نەزانراودا گرتووە و تەلەف کراوە، بۆیە داوا لە ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی دەکەین لەبەر سەلامەتی تەندروستیان، خۆیان لەبەکار نەھێنانی قارچکی ھەڵڕژاو (فەل) بەدوور بگرن ھەروەھا داوا لە فرۆشیاران دەکەین بەھیچ جۆرێک کڕین و فرۆشتن بە قارچکی ھەڵرژاوەوە نەکەن.