سلێمانی... مه‌یدانی فرۆشتنی ئاژه‌ڵ ده‌گوازرێته‌وه‌

پارێزگای سلێمانی

به‌مەبەستی چارەسەری کێشەی گەرەکەکانیان، بەشێک لە دانیشتوانی گەرەکی ئەوین و قەرەتۆغان سەردانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەکەن و ئاوات محمد رایدەگەیەنێت بڕیاری گواستنەوەی مەیدانی ئاژەڵ فرۆشتن بۆ ناوچەی دەرەوەی ماستەر پلانی سلێمانی جێبەجێ دەکرێت.


بەشێک لە گلەیی و گازندەی دانیشتوانی گەرەکەکانی ئەوین و قەرتۆغان ھەیانە، نزیک بوونی گەرەکەکەیانە لە مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵەوە کە مەترسی بڵاو بوونەوەی نەخۆشی و ھەبوونی بۆنی ناخۆشە کە دانیشتوانی ئەو گەرەکانەی ھەراسان کردووە، بەھۆی ئەو ئاژەڵانەی کەلە مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵ، سەردەبڕێن.


  لەکۆبونەوەی لەگەڵ بەشێک لە دانیشتوانی ھەردوو گەرەکەکە، ئاوات محمد قائیمقامی سلێمانی ووتی: پێویستە مەیدانی ئاژەڵ فرۆشتن دوور لە ناوچەی نیشتەجێ بوون بێت، بۆیە فەرمانی لیژنەی گواستنەوەی مەیدانی ئاژەڵ فرۆشتن لەلایەن پارێزگاری سلێمانیەوە دەرچووە، و مەیدانەکە بۆ دەرەوەی ناوچەی ماستەر پلانی سلێمانی دەگوازرێتەوە، بڕیارەکەش لەلایەن لیژنە ھاوبەشەکانی قائمیقامیەت، شارەوانی، بەرێوەبەرایەتی  ژینگە و بەرێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی یەوە جێ بەجێ دەکرێت.


قائیمقامی سلێمانی ووتیشی: بەرێوەبەرایەتی ڤێتەنەری سلێمانی کوشتارگەی بۆ سەربڕنی ئاژەڵ ھەیە، لیژنە ھاوبەشەکان بەھاوکاری بەشی زیادەرەوی شارەوانی و ئاسایشی سلێمانی و لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی رێگری لە سەربڕینی ئاژەڵ لە مەیدانی ئاژەڵ فرۆشتن دەگیرێت، دەست بەسەر ئاژەڵی سەرپێچیکاردا دەگیرێت و رووبەرووی یاسا دەکرێتەوە.