بڕێكی زۆر شه‌ربه‌تی تینوو له‌ ناوبرا

پارێزگای سلێمانی

لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بڕێکی زۆر شەربەتی تینووی ماوە بەسەرچوو ئاشکرا دەکات و سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانیش رایدەگەیەنێت لەناوچەی تانجەرۆ لەناوبراوە.


گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ووتی: لەئەنجامی پشکنین و سەردانە بەردەوامەکانی لیژنەی کۆگاکانەوە، لە کۆگاکایەکی عەمبارکردنی کاڵاوشمەک، زیاتر لە 880  کیس شەربەتی (تینوو)ی ماوەبەسەرچوو ئاشکرا کراوە.


گۆران قادر ووتیشی: بەھۆی زوو لاچوون و سڕینەوەی بەرواری دروستکرن و ماوەبەسەرچوونی، شەربەتەکە نمونەکەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاودێری تەندروستی پشکنینی بۆ کراوە، ئەنجامی پشکنینەکە دەریخستووە بەھۆی بەسەرچوونی ماوەکەیەوە بەھای خۆراکی لەدەست داوە و شیاوی بەکار ھێنان نییە.


ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە، پێشتر خاوەنەکەی ئاگادار کراوەتەوە کە شەربەتە گوماناویەکە نەفرۆشێت تا ئەنجامی پشکنینی کیمایی بۆ دەکرێت، دوای ئەنجامەکە لەلایەن خاوه‌نه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیكردنی لیژنە ھاوبەشەکانەوە لەناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی لەناوبراوە.