گۆشتفرۆشە نایاساییەکان سزا دەدرێن

پارێزگای سلێمانی
گۆشتی شەقام و شارێکان، ئەو گۆشتەی کە ئاژەڵەکەی پشکنینی ڤێتنەری و تەندروستی بۆناکرێت و لەلایەن گۆشتفرۆشە نایاساییەکانەوە سەردەبرێت و بەھاوڵاتیان دەفرۆشرێت، گۆشتەکە مەترسی بۆسەر تەندروستی ئەو ھاوڵاتیانە دروست دەکات بەکاری دەھێنن، بۆیە بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی لەلایەن لیژنە ھاوبەشەکانەوە رێگری لە سەربڕین و ساغکردنەوەی بەسەر ھاوڵاتیاندا دەکرێت.
    لەوبارەیەوە گۆران قادر سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: بەمەبەستی رێکخستنەوە و جوانترکردنی شار و بەردەوامیی چالاکییەکانی، لیژنە ھاوبەشەکان ھەڵمەتێکی فراوانی تێکدانی ئەو کەپرانەی بە شێوەیەکی ناتەندروست و دوور لە ڕێنماییەکانی ڤێرتەرنەری وتەندروستی کاری سەربڕینی ئاژەڵیان تێدا دەکرێت، ئەنجام درا.
    سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکان ووتی : سەربڕینی ئاژەڵ و فرۆشتنی گۆشتەکەی لە شەقام و شارێکاندا نایاسایی یە و بە نوسراوی داواکاری گشتی پەراوی یاسایی لە نزکترین ئەو بنکە پۆلیسەی سەرپێچیەکەی تێدا دەکرێت، دەکرێتەوە، و سەرپێچیکار رووبەرووی یاسا دەبێتەوە.
     گۆران قادر ووتیشی: ھەڵمەتەکانی رێکخستنەوە و جوانترکردنی شار کەلەلایەن لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامەت بە ھاوکاری بەشی خزمەتگوزاری وئامێرەکانی شارەوانی و بەپشتیوانی ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی، ئەنجام دەدرێت، بەردەوامە و ھەموو ئەو شوێنانەی کاری نایاسایی و ناشارستانی تێدا ئەنجام دەدەرێت، دەگرێتەوە.
   

ئاماژەی بەئەوەکرد کە، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی، دەست بەسەر ئەو کەلوپەلانەی بۆ کاری سەربڕین و گۆشت فرۆشتن بەکاردەھێنرێت دەگیرێت و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە سەرجەمیان  لەناودەبرێت.