زیادەرۆییەکانی مەیدانی ئاژەڵ تێکدرا

پارێزگای سلێمانی
لە چێوەی رێکخستنەوە و جوانترکردنی شار، لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی کەپر زیادەرۆییەکانی مەیدانی ئاژەڵ فرۆشتن تێکدەدات و سەرۆکی لیژنەکەش رایدەگەیەنێت ھەرکەسێک لە مەیدانی ئاژەڵ فرۆشتن کاری سەربڕین بکات رووبەرووی یاسا دەکرێتەوە.
    گۆران قادر سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ووتی: لە دوو رۆژی رابردوودا و لە چوارچێوەی ھەڵمەتەکانی رێکخستنەوە و جوانترکردنی شار، لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەت سەرجەم کەپرەکانی مەیدانی ئاژەڵ کە بەشێوەیەکی زیادەرۆیی دروستکراون و بەنایاسایی کاری سەربڕین دوور لە مەرج و رێنماییە تەندروستی و ڤێتنەرییەکانی تێیدا سەردەبڕێت، تێکداوە.
    سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکان ووتیشی: ھەڵمەتی لیژنە ھاوبەشەکان بە ھاوکاری بەشی خزمەتگوزاری شارەوانی بە پشتیوانی ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی ئەنجام دراوە، کە سەرجەم کەپرەکان و ئەو شوێنانەی بۆ سەربڕینی ئاژەڵ ئامادەکرابوو تێکدراون و رێگە بە دروست کردنەوەیان نادرێت.
    گۆران قادر ئاماژەی بە ئەوەکرد کە، لە ھەڵمەتەکەدا لیژنە ھاوبەشەکان دەستی بەسەر ئەو  ئامێر و کەلوپەلانەدا گیرتووە کە بۆ کاری سەربڕین بەکار ھێنراووە، و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە سەرجەمیان لەناودەبرێت.
   

سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکان ئاگاداری کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵ فرۆشتن دەکاتەوە، کاری سەربڕینی ئاژەڵ لەمەیدانەکە و بەدەر لە رێنماییە تەندروستی و ڤێتنەریەکان قەدەغەیە و ھەرکەسێک سەربڕینی ئاژەڵ ئەنجام بدات رووبەرووی یاسا دەکرێتەوە.