به‌هۆی پابه‌ن نه‌بوون به‌ مه‌رج و ڕێنماییه‌كانه‌وه‌ 9 شوێن داده‌خرێت

پارێزگای سلێمانی
بەھۆی پابەند نەبوونیان بە مەرج و ڕێنماییەکانی کارکردن، لەلایەن لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتەوە نۆ شوێنی کارکردن دادەخرێت و سەرۆکی لیژنەکانیش رایدەگەیەنێت تا مەرجەکان جێبەجێ نەکەن رێگە بەکردنەوەیان نادرێت.     گۆران قادر سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: بەھۆی پابەند نەبوونیان بە مەرج و ڕێنمایی کارکردن، لەلایەن لیژنەی ریستۆرانت و کافتریا و شوێنە گەشتوگوزاریەکانی سەربەلیژنە ھاوبەشەکان و بەپشتیوانی ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی ھەریەک لە ( فاین ئارت، خواردن و خواردنەوەی جبل بیروت، نایت تو نایت، ھۆڵی بلیاردی پشوو، ھۆڵی بلیاردی ڤانۆ، خواردن و خواردنەوەی لۆڤ تایم، کافتریای تاران، خواردنی فەنتۆش و کافتریای چاڤی شار ) دادەخرێت.     دەربارەی پابەند نەبوون بەمەرجەکان و جۆری سەرپێچیەکان گۆران قادر ووتیشی: سەرپێچیەکان بەپێی شوێنەکان جیاوازن کە بریتین لە بونی مێرد مناڵی خوار تەمەن ھەژدەساڵ لە کافتریا و گازینۆکان، نوێ نەکردنەوەی مۆڵەتی تەندروستی و گەشتووگوزار و پابەند نەبوون بەکاتی داخستنی شوێنەکانیان لەکاتی دیاری کراودا واتە ئیشکردن تا بەرەبەیان.     ئاماژەی بەوەکرد، بۆکردنەوەی سەرجەم ئەو شوێنانەی بەھۆی پابەند نەبوون بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردنەوە و لەلایەن لیژنە ھاوبەشەکانەوە داخراون، پێویستە پابەندی مەرج و رێنماییەکانی تەندروستی و گەشتوگوزار و ئەو مەرجانەبن کە پێویستە لە شوێنی کارکردنەکەیدا ھەبێت.      پێشتر سەرجەم کافتریاکانی نێرگەلە و گازینۆکانی بلیارد و ئەو شوێنانەی کە ھاتوچۆی خوار مناڵی 18 ساڵ شیاو نیە، ئاگادارکراونەتەوە کە یاسا رێگە بە ھاتوچۆکردنیان نادات، بۆیە لەکاتی ھەبوونی مناڵی نەوجەوان لەو شوێنانەدا لەلایەن لیژنە ھاوبەشەکانەوە دادەخرێت، و خاوەنەکەی رووبەرووی یاسا دەکرێتەوە.