له‌ سلێمانی بڕێکی زۆر ساردەمەنی لەناودەبرێت

پارێزگای سلێمانی

به‌ھۆی نەشیاوی بۆ خواردن و بەکارھێنانیان، لەلایەن لیژنە ھاوبەشەکانەوە بڕێکی زۆر خۆراکی ماوەبەسەرچوو لەناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی لەناو دەبات و سەرۆکی لیژنەکانیش رایدەگەیەنێت ئاسایشی ئابووری ھاوکاری تەواوی لیژنەکانی قائیمقامیەت دەکات.


لەوبارەیەوە گۆران قادر سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ووتی: لەلایەن بەشی ئابووری بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی برێکی زۆر خۆراکی ماوەبەرسەرچوو کە شیاوی خواردن و بەکارھێنان نیە، رەوانەی لیژنە ھاوبەشەکان کراوە بۆ لەناوبردن.

 

ووتیشی: ئاسایشی ئابووری ھاوکاری تەواوی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەکات بەپێدانی زانیاری یاخود لە بازگەکانەوە ریگری لەو کاڵاو شمەکانە دەکات کە شیاوی بەکارھێنان و خواردن نیە، لە بازگەی کەڵەوانان دەستی بەسەر زیاتر لە چوار تۆن وشکەمەنی (برنج و نیسک و ماش) و 7 سەد و بیست و پێنج کارتۆن ساردەمەنی لە جۆری (ئایسکرێم و مۆتاى پاک )ی گوماناویدا گرتووە.

 
ئاماژەی بە ئەوەشکرد کە، پشکنین فیزیایی بۆ وشکەمەنیەکان و تەندروستی بۆ ساردەمەنیەکان کراوە، دەرکەوتووە شیاوی خواردن و بەکارھێنان نین و بەنوسراو رەوانەی لیژنەھاوبەشەکانی قائیمقامیەت کراوە، کە بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنی سەربە لیژنە ھاوبەشەکانەوە لەناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی لەناودەبرێت.