سلێمانی ... نرخی گواستنەوەی خوێندکاران رێکدەخرێت

پارێزگای سلێمانی

به‌مەبەستی رێکخستنی ھۆکارەکانی گواستنەوەی خوێندکاران لە ماڵەکانیانەوە بۆ خوێندنگا، قائیمقامی سلێمانی فەرمانی بە دروستکردنی لیژنەیەکی تایبەت کرد کە بەڕێوەبەرایەتیەکانی پەروەردە ، ھاتوچۆ، چاودێری بازرگانی، گواستنەوە و ئاسایشی سلێمانی ئەندام دەبن تیایدا.


 ئاوات محمد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ ھەریەک لە نوێنەری فەرمانگە حکومیەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە، ھاتوچۆ، چاودێری بارزگانی، گواستنەوە و گەیاندن لەگەڵ سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی کۆبووەوە، لەکۆبونەوەکەدا دەربارەی دانانی رێکخستنی ھاتوچۆی خوێندکاران لە ماڵەکانیانەوە بۆ خوێندنگا گفتوگۆی لێوەکرا.


لەکۆبوونەوەکەدا ئاوات محمد رایگەیاند: یەکێک لە ئەرکەکانی حکومەت رێکخستنی کاروبارەکانی ھاوڵاتیانە بەجۆرێک کە بەرژەوەندی گشتی تێدا پارێزراوبێت، رێکخستن و چۆنیەتی کارکردنی ھۆکارەکانی گواستنەوەی خوێندکاران لە ماڵەکانیانەوە بۆ خوێندنگاکان، بەشێکە لەو ئەرکە و پێویستە بە ھەموو لایەکەوە سیستمێکی گونجاویان بۆ دابنرێت.


ئاوات محمد ووتیشی: دیاریکردنی نرخی گواستنەوەی خوێندکاران یەکێک دەبێت لە کارنامەکان و لەسەر بنەمای دووری خوێندکار لە خوێندنگەکەیەوە دیاریدەکرێت، کە ئێستا جیاوازیەکی زۆر لەنرخەکاندا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر ھەیە، و لیژنەکە نرخەکان دیاریدەکات و پێویستە شوفێرەکان پابەندبن پێوەی.


ھەروەھا ووتیشی: یەکێکی تر لە کارەکانی ئەو لیژنە کە بەرێوەبەرایەتی گواستنەوە و گەیاندن سەرپەرشتی دەکات، وەرگرتنی زانیاری تەواوە لەسەر ژمارەی خوێندکاران، جیاکردنەوەی ھۆکارەکانی گواستنەوە (پاص - تاکسی) کە لەسەر ویستی خوێندکار دیاریدەکرێت، و پێدانی لۆگۆیەکی تایبەت بەئەو شوفێرانەی کاری گواستنەوەی خوێندکار دەکەن.


قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بە ئەوەکرد، ئەوکەسەی ھاتوچۆ بە خوێندکاران دەکات پێویستە سەرجەم مەرجەکانی سەلامەتی و توندوتۆڵی و ھاتوچۆ جێبەجێ بکات کە لەلایەن بەرێوەبەری خوێندنگەکان و لیژنەکەوە چاودێری دەکرێت، و رۆژانە بەدواداچوون بۆ ھاتوچۆکردنەکان دەکرێت، و ئەو شوفێرانەی مۆڵەت لە لیژنەکە وەردەگرن رێگە بە کارکردنیان دەدرێت.