بەهۆی گومانی بەسەرچوونی ماوەكەیەوە، ئاسایشی سلێمانی دەست بەسەر بڕێكی زۆر قاوەدا دەگرێت و رەوانەی قائیمقامیەتی سلێمانی دەكات، و نوێنەری تەندروستی سلێمانی لە لیژنە هاوبەشەكان رایدەگەیەنێت پشكنینی بۆ كراوە و شیاوی بەكار هێنان نییە.
ئازاد نەبی، نوێنەری بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەت ووتی: ئاسایشی سلێمانی دەستی بەسەر بڕێكی زۆر قاوە لە جۆری (د. كالەن)دا گرتووە كە گومانی بەسەرچوونی ماوەكەیان لێكراوە، و بەنوسراوی فەرمی رەوانەی لیژنە هاوبەشەكان كراوە بۆ پشكنین.
نوێنەرەكەی تەندروستی ووتیشی: تەندروستی سلێمانی پشكنینی بۆ ئەو قاوە كردووە كەدەستی بەسەردا گیراوە ئەنجامەكەی بە شیاوی بەكار هێنان نییە دراوەتەوە، زیاتر ئەو كەسانەی ئەم قاوە دەخۆنەوە بۆ دابەزاندنی كێشیان بەكاری دەهێنن.
ئازاد نەبی ئاماژەی بەئەوەكرد، قاوە دەست بەسەردا گیراوەكە 19 كارتۆنە و بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنی سەربەلیژنە هاوبەشەكانەوە لەناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانیەوە لەناو دەبرێت.