لیژنە هاوبەشەكان هاوڵاتیان لەم دەرمانانە ئاگادار دەكاتەوە

پارێزگای سلێمانی

ئەو دەرمانانەی بۆ لەناوبردنی مێروو لەماڵاندا بەكار دەهێنرێت، لە كۆمەڵێك پێكهاتەی كیمیایی دروستدەكرێت كە مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكانی شێرپەنجەی لێ دەكرێت، و سەرۆكی لیژنەی نوسینگە كشتوكاڵیەكان رایدەگەیەنێت دەستیان بەسەر بڕێكی زۆردا گرتووە.

 بێستون علی، سەرۆكی لیژنەی نوسینگە كشتوكاڵیەكانی سەربە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ووتی: رۆژانە سەردانی نوسینگە و كۆمپانیا و خانووە پلاستیكەیە كشتوكاڵیەكان دەكەن و پشكنینی بۆ ئەو دەرمانانە دەكەن لە كشتوكاڵكردن یاخوود بۆ لەناوبردنی مێروو بەكاردەهێنرێت، بەم هۆیەشەوە لەلایەن لیژنەكەوە دەست بەسەر بڕێكی زۆر دەرمانی لەناوبردنی مێروودا گیراوە.

 سەرۆكی لیژنەكە وتیشی: یەكێك لەو ماددە مەترسیدارانەی لە دروستكردنی دەرمانی قڕكەردا بەكار دەهێنرێت (ثایپه‌رماثین)ە، و لیژنەكە دەستی بەسەر برێكی زۆر دەرماندا گرتووە كە رێژەیەكی زۆر لەو ماددە ژەهراویە لە پێكهاتەیدا هەیە، كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكەی لە هەرێمی كوردستان و عێراق تۆمارنەكراوە، و بەرهەمەكانیان جێی مەترسیە، لەبەرئەمەش قەدەغەكراوە و رێگری لە كڕین و فرۆشتنی دەكرێت.

 سەرۆكی لیژنەكە ئاماژەی بە ئەوەكرد كە: پێشتر لەلایەن لیژنەكەوە ئاگاداری سەجەم نوسینگە و كۆمپانیا كشتوكاڵیەكان كراونەتەوە لە هاوردەنەكردن و نەفرۆشتنی ئەو ماددە مەترسیدارانە‌، ئەو بڕشی‌ دەستی بەسەردا گیراوە لەناودەبرێت و خاوەنەكانیشیان رووبەرووی یاسایی دەكرێنەوە.

 پایپەرماپین، بە دوو شێوە مرۆڤ بەكاری دەهێنێت، بەشێكی راستەوخۆ لەماڵەكاندا وەك دەرمانی لەناوبردنی مێروو بەكاردەهێنرێت و بەشەكەی تر بەشێوەیەكی لاوەكی و لەڕێی سەوزەو میوەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و لەئەگەری بەكارهێنانیشی‌ دەبێتە هۆی لەدەست دانی بەهای خۆراكی بەرهەمەكان و زیانێكی زۆر بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.