سلێمانی.. ژماره‌یه‌كی زۆر بیر و شەمعەی ئاوی رێپێنەدروا دادەخرێت

پارێزگای سلێمانی

بەهۆی نەشیاوی بۆ خواردنەوە و بەكارهێنانی، لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتەوە ژمارەیەكی زۆر بیر و شەمعەی ئاوی رێپێنەدروا دادەخرێت و سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانیش رایدەگەیەنێت بەڵێننامەیان لێوەرگیراوە بە دووبارە نەكردنەوەی ئەو كارە. 

 

 

 

گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ووتی: بەهۆی نەشیاوی بۆ خواردنەوە و بەكارهێنان، لەلایەن لیژنەی شەمعەكانی سەربە لیژنە هاوبەشەكانەوە 39 بیر و شەمعەی نایاسایی دادەخرێت كە پێشتر چەندجارێك ئاگاداركراونەتەوە لە نەفرۆشتنی ئەو ئاوە كە بە ئاوی خواردنەوە فرۆشراوە.

 

 

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان ووتیشی: بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی بەشێك لەو ئاوەی هاوڵاتیان بۆ خواردنەوە بەكاریدەهێنن هەروەها پاراستنی تەندروستی-یان، تەواوی ئەو بیرە نایاساییانە داخراووە كە ئاوەكەیان كوالێتی نیە و بۆ خواردنەوە ناشێت، و بەشێك لەو شەمعانەی بەنایاسایی دروستكراون و سەرچاوەی ئاوەكەیان، ئاوەڕۆی تانجەرۆیە، لەچەند شوێنێك تانكەرەكانیان ئاویان بۆ خواردنەوە بە هاوڵاتیانیان فرۆشتووە، سەرجەمیان تێكدراوون و بەڵێننامەیان لێوەرگیراوە بە دووبارە نەكردنەوەی ئەوكارە.

 

ووتیشی: ئاوەرۆی تانجەرۆ، لە تێكەڵبوونی ئاوەرۆی ناوچەكانی دانیشتوان و كارگەكان پێك هاتووە، و بە ئاوەرۆی قورس ناودەبرێت، لەبەر تێكەڵبوونی ماددە كیماییەكان بە هیچ شێوەیەك بۆ بەكارهێنان گونجاو نیە و مەترسی زۆر لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەكات. 

 

 

 

گۆران قادر ئاماژەی بەئەوەش كرد، ئەركی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەدواداچوون و پشكنینە بۆ كوالێتی ئەو كاڵاو شمەكانەی هاوڵاتیان بەكاری دەبەن، تا لە سەلامەتی شمەكەكە بۆ بەكارهێنانی دڵنیا بینەوە، هەروەها رووبەروو كردنەوەی ئەو كەسانەی سەرپێچی لە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن دەكەنەوە.