ئاماره‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی له‌ ماوه‌ی 10 مانگی ڕابردوودا

پارێزگای سلێمانی

به‌ پێ ی ئاماری 10 مانگی ڕابردوو لیژنه‌ی سه‌لامه‌تی باڵه‌خانه‌كان 864 سه‌ردانی ئه‌نجامداوه‌ وله‌ %60ی باڵه‌خانه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌كان مه‌رجی سه‌لامه‌تییان تێدا جێ به‌ جێ كراوه‌.

ئه‌ندازیار نیگار محه‌مه‌د سه‌رۆكی لیژنه‌ی سه‌لامه‌تی باڵه‌خانه‌كان ده‌رباره‌ی ئاماره‌كه‌ ڕایگه‌یاند له‌ 1-1-2015 بۆ 1-11-2015 لیژنه‌كه‌یان 864 سه‌ردانی ئه‌نجامداوه‌ بۆ به‌دواداچوون له‌ هه‌بوونی مه‌رجی سه‌لامه‌تی له‌ باڵه‌خانه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌كان له‌ پێناو ڕێگه‌گرتن له‌ ڕووداوی نه‌خوازراو و پاراستنی سه‌ر و ماڵی هاوڵاتیان له‌و شوێنانه‌.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ كه‌ ئه‌ندامه‌كانی پێكهاتبوون له‌ نوێنه‌ری به‌رگری شارستانی و كاره‌با و نوێنه‌ری قائیمقامیه‌ت ووتی: له‌ ئه‌نجامی سه‌ردان و به‌دواداچوونه‌كان بۆ باڵه‌خانه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌كان له‌ %60 ی باڵه‌خانه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌كان مه‌رجی سه‌لامه‌تی تێدا هه‌بوو و له‌ %40 كه‌ی دیكه‌ زۆربه‌ی ڕێنماییی و مه‌رجه‌كانیان جێ به‌ جێ كردووه‌، به‌ڵام كه‌م و كورتیان هه‌بوو بۆیه‌ له‌ لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ ڕێنماییی كراون و ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌ كه‌م و كورتییه‌كانیان به‌ ته‌واوی چاره‌سه‌ر بكه‌ن ئه‌گینا ڕووبه‌ڕووی داخستن و دادگا ده‌كرێنه‌وه‌.