پڕۆژه‌ی ریسایكلینی سلێمانی

پارێزگای سلێمانی



سلێمانی ده‌بێته‌ پاكژترین شار له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا.

پرۆژه‌ی ریسایكلین یان چاره‌سه‌ركردنی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی كه‌ ساڵی 2014 به‌ردی بناغه‌ی دانرا، پڕۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنانی پیشه‌سازی خزمه‌تگوزارییه‌، پرۆژه‌كه‌ بریتیه‌ له‌: چاره‌سه‌ركردنی پاشه‌ڕۆیی ڕه‌قی شاری سلێمانی كه‌ پێكدێت له‌: پاشه‌ڕۆی مالێن كه‌ شاره‌وانی سلێمانی كۆی ده‌كاته‌وه‌ و پاشه‌ڕۆیی بازرگانی كه‌ به‌ (m. s. w. ) ناسراوه‌، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌لێتی ناوه‌ڕست یه‌كه‌مین پڕۆژه‌ی مته‌كامل وسه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ركردنی زبڵ و پاشماوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و ژینگه‌یی.
ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌ لایه‌ن كۆمپانیای Ecocem كه‌ كۆمپانیایه‌كی هاوبه‌شه‌ له‌ نێوان گروپی لاڤارجی فه‌ره‌نسی و گروپی كۆمپانیاكانی فاروق ، له‌ تانجه‌رۆ به‌ بودجه‌ی 35 ملیۆن دۆلار له‌ سه‌ر ڕووبه‌ری 204 دۆنم زه‌وی جێبه‌جێده‌كرێت، تێچووی پڕۆژه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی 20 ساڵدا بۆ 76 ملیۆن یۆرۆ به‌رز ده‌بێته‌وه‌.
ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ بریتیه‌ له‌ دووباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی پاشه‌ڕۆكان وه‌ك سوته‌مه‌نی و سالێنه‌ توانای به‌رهه‌م هێنانی 180هه‌زار ته‌ن R. D. F. هه‌یه‌ كه‌ ماده‌یه‌كی جێگره‌وه‌ی سوته‌مه‌نییه‌ له‌ كارگه‌كانی چیمه‌نتۆدا به‌كاردێت.
به‌ ته‌واو بوونی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ چه‌ند سوودێكی گه‌وره‌ به‌ شاری سلێمانی ده‌گه‌یه‌نێت.
یه‌كه‌م: له‌ ڕووی ژینگه‌ییه‌وه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆی كۆتایی هێنان به‌و كێشه‌ ژینگه‌ییانه‌ی كه‌ له‌په‌یڕوه‌و كردنی شێوازی ته‌قلیدی چاره‌سه‌ركردنی خۆڵ و خاشاك دروست ده‌بێت.
چاره‌سه‌ره‌ ته‌قلیدی و كۆنه‌كه‌ بریتیی بوو له‌ كۆكردنه‌وه‌ و داپۆشینی زبڵ و خاشاكی مالێن و شوێنه‌ گشتیه‌كان، ئه‌مه‌ش زیانێكی زۆری له‌ ژینگه‌ی سلێمانی ده‌دا به‌وه‌ی كه‌ نه‌ده‌تواندرا هه‌موو زبڵكه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی باش دا بپۆشرێت، هه‌روه‌ها ئه‌و ئاوه‌ی كه‌ له‌ زبڵه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌چێت بریتیه‌ له‌ تێكه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌سیدی كه‌ زیانی بۆ ژینگه‌ و كشتوكاڵیش هه‌یه‌ به‌شێكی زه‌وی هه‌ڵی ده‌مژێت و تێكه‌ڵی ئاوی ژێر زه‌وی ده‌بێت، به‌شێكیشی ده‌ڕژێته‌ چه‌می تانجه‌رۆوه‌ و تێكه‌ڵ به‌ ئاوی خواردنه‌وه‌ی هه‌ندێك ناوچه‌ ده‌بوو.
هه‌روه‌هاده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی غازی میسان كه‌ زیانه‌كانی ئه‌م غازه‌ به‌ 21 جار زیاتر له‌ غازی CO2 ده‌خه‌مڵێندرێت.
دووه‌م: پرۆژه‌كه‌ ده‌بێته‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌كارهێنانی نه‌وتی ڕه‌ش و توانای به‌رهه‌مهێنانی نزیكه‌ی 30% سوته‌مه‌نی هه‌ریه‌كه‌ له‌ كارگه‌كانی چیمه‌نتۆی بازیان و گاسنی هه‌یه‌.

پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌ به‌ چه‌ند قۆناغدا تێپه‌ڕ ده‌بێت كه‌ بریتیه‌ له‌:
جیاكردنه‌وه‌ی پاشه‌ڕۆكان، هاڕینی پاشه‌ڕۆكان، وشكردنه‌وه‌ی ئه‌و پاشه‌ڕۆیانه‌ی كه‌ گۆڕانكاریان به‌سه‌ردا نایه‌ت هه‌روه‌ها چه‌سپاندنی به‌ شێوه‌یه‌كی بایه‌لۆجی ماده‌ زیندووه‌كان، پاشان ئه‌و پاشه‌رۆیانه‌ی قابیلی دووباره‌ به‌كارهێناوه‌ نین، ده‌خرێته‌ چاڵی تایبه‌تی كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌ڵكه‌ندراوه‌.
ئه‌وماددانه‌ی كه‌توانای گۆڕانیان نیه‌ وه‌ نزیكه‌ی ٢٠% كۆی مادده‌كانه‌ به‌شێوازێكی زانستیانه‌ وبه‌بێ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژینگه‌ هه‌بێت ده‌خرێنه‌ ژێر زه‌وییه‌وه‌، ناشتنی پاشماوه‌كان به‌ شێوه‌ی مۆدێرنی زانستی به‌ قوڵی 20م له‌ڕووی زه‌وییه‌وه‌ كه‌ به‌ لاندفیل ناسراوه‌، ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ 100 دۆنم له‌ زه‌وی پڕۆژه‌كه‌ی بۆ ته‌رخانكراوه‌ بۆ ناشتی پاشماوه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی 20 ساڵ، ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ به‌پێی ستانداردی یاساكانی ژینگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی جێبه‌جێده‌كرێت.
پاشان سوته‌مه‌نی به‌ ده‌ستهاتوو كه‌ به‌R. D. F. ناسراوه‌ به‌ گوێزه‌ره‌وه‌ی تایبه‌ت كه‌ 90مه‌ترسێ جا ده‌گرێت ده‌گوێزێته‌وه‌ بۆ كارگه‌كان، هه‌ر كارگه‌یه‌كیش پێویستی به‌ دانانی وێستگه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت R. D. F. ه‌كه‌ به‌كاربهێنێت كه‌ نزیكه‌ی 7 ملیۆن دۆلاری تێده‌چێت، له‌ ئێستادا كارگه‌ی چیمه‌نتۆی (بازیان) سه‌رقاڵی دامه‌زراندنی وێستگه‌كه‌یه‌ و گارگه‌ی (گاسن) یش له‌ 2017 ده‌كه‌وێته‌ كار.
بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ رێكه‌وتنامه‌یه‌ك له‌نێوان ئیكۆسیم وحكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٣ واژوو كرا،به‌ردی بناغه‌ی پرۆژه‌كه‌ش له‌لایه‌ن پارێزگای پێشووی سلێمانیه‌وه‌ به‌هرۆز محمد صالح له‌ مانگی نیسانی ساڵی٢٠١٤ دانرا. به‌پێی گرێبه‌ستی پرۆژه‌كه‌ ، كۆمپانیای Ecocem له‌ به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی هه‌ر ته‌نێك زبڵ بڕی 18. 8دۆلار له‌ شاره‌وانی وه‌رده‌گرێت.
ئه‌م رێكه‌وتنه‌ بۆ ماوه‌ی ٢٠ ساڵه‌. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ نزیكه‌ی ٧٠ ملیون دۆلاری تێده‌چێت كه‌له‌لایه‌ن هه‌ر دوو كۆمپانیاكه‌وه‌ دابین ده‌كرێت.
له‌سووده‌كانی دیكه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌،ره‌خساندنی هه‌لی كاره‌ به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بۆ ١٥٠ هاوڵاتی و ٤٥٠ به‌شێوه‌یه‌كی ناراسته‌وخۆ.
هه‌روه‌ها سه‌رنجی وه‌به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ بێگانه‌كان راده‌كێشێت كه‌ وه‌به‌رهه‌مهێنان بكه‌ن له‌شاره‌كه‌دا وباری دارایی باشتربكه‌ن، بۆ نموونه‌ بازرگانه‌كان له‌م بواره‌دا ده‌ست به‌كاری بازرگانی ده‌كه‌ن كه‌په‌یوه‌ندی هه‌بێت به‌گۆرینی پاشه‌ڕۆ وه‌ یان دابینكردنی كه‌لوپه‌لی كارگه‌كانی پاشه‌ڕۆ، هه‌روه‌ها ڕكه‌به‌رایه‌تیه‌كان زۆرده‌بن وكارمه‌ندی به‌ئه‌زمه‌ون وبه‌ توانا ولێهاتوو ده‌رده‌كه‌ون،

پڕۆژه‌كه‌ ڕۆژانه‌ توانای چاره‌سه‌ركردنی 1000 بۆ 1200 ته‌ن پاشه‌ڕۆی ره‌قی هه‌یه‌، كه‌ سالێنه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی350 بۆ400 هه‌زار ته‌ن، ساڵانه‌ ئه‌م بره‌ ه‌٣% زیاد ده‌كات تاده‌گاته‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ی بری سه‌ره‌تا.
شاره‌وانی سلێمانیش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵ وخاشاكی هاووڵاتیان وگواستنه‌وه‌ی بۆ پڕۆژه‌ی ڕیسایكلین له‌ تانجه‌رۆ كه‌ ئه‌م جێگایه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌رشوێنی سه‌ره‌كی فڕێدانی پاشه‌ڕۆیه‌.

پرۆژه‌ی ریسایكلینی خاشاكی سلێمانی، له‌ چوارچێوه‌ی پلانێكی پارێزگای سلێمانیدا بوو بۆ ئه‌نجامدانی چه‌ندین پرۆژه‌ی هاوشێوه‌ بۆ شارۆچكه‌كانی تری پارێزگاكه‌، به‌پێی پلانه‌كه‌ش بڕیاربوو له‌ 4 زۆنی تری پارێزگای سلێمانی پرۆژه‌ی ریسایكلین ئه‌نجام بدرێت، بۆئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پارێزگاكه‌ له‌ چاره‌سه‌ره‌ ته‌قلیدییه‌كانی خۆڵ و خاشاك رزگاری ببێت.
سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ ، (خالید حسێن) به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانیه‌كانی سلێمانی روونی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ ئێستادا پڕۆسه‌ی لاندفیل له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ قه‌زاكانی شاره‌زوور و پشده‌ر و ئیداره‌ی گه‌رمیان جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌لێم قه‌یرانی دارایی ڕێگره‌ له‌ جێبه‌جێكردنی له‌ قه‌زایی شارباژێڕ و چه‌مچه‌ماڵ و دوكان. (خالید حسێن) ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات ، نوسراویان بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌ كه‌ قه‌یرانی دارایی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ نه‌گرێته‌وه‌ چونكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ژیان و ته‌ندروستی هاووڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌.