زانكۆی راپەڕین

پارێزگای سلێمانی


پاش كردنەوەی (زانكۆی كۆیە) لە ساڵی ٢٠٠٤دا، (كۆلێژی زانستەمرۆڤایەتییەكان) لە شاری رانیە كرایەوە، كە (٣) سێ بەشی لەخۆدەگرت: (مێژوو، جوگرافیاو زمانی عەرەبی)، دواتر ھەمان ساڵ (كۆلێژی زمان) لە شاری قەڵادزێ كرایەوە، و بەشی (زمانی عەرەبی)ی (كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكان)یشی خرایەسەر.
لە ساڵی ٢٠٠٥شدا (بەشی فەلسەفە) لە (كۆلێژی زانستەمرۆڤایەتییەكان) و ساڵی ٢٠٠٨ (كۆلێژی پەرستاری)، ساڵی ٢٠٠٩دا بەشی (زمانی ئینگلیزی) لە (كۆلێژی زمان هەمان ساڵ (كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت)) كە بەشەكانی (كوردی، عەرەبی، كۆمپیوتەروماتماتیك)ی لەخۆدەگرت كە ئەوانیش سەر بە (زانكۆی كۆیە) بوون لە رانیە كرانەوە. 
زیادبونی بەش و كۆلێژەكانیش لە ناوچەكەدا، رێخۆشكەر بوون بۆ كردنەوەی زانكۆیەكی سەربەخۆ لە دەڤەری راپەڕین (بیتوێن و پشدەر)، ئەمەش پاڵپشت  بە فەرمانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، ژمارە (١٦٧٠) لە (٢٠١٠/٧/٨)، 
لە ساڵی ٢٠١٣شدا لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكومەتی عیراقەوە بە رەسمی دان بە زانكۆی راپەڕین نراو خرایە ناو لیستی زانكۆ باوەڕپێكراوەكانی وڵاتەكەوە. 
یەكەمین خوولی دەرچووانی زانكۆ لە ساڵی خوێندنی (٢٠١١ – ٢٠١٢)دا بووە، لەوكاتەشەوە سەدان خوێندكار لەو زانكۆیە لە پسپۆڕییە جیاوازەكاندا بڕوانامەی بەكالۆریۆسیان بەدەستهێناوە. 
زانكۆی ڕاپەڕین لەئێستادا كۆرسی خوێندنی ماستەری لە چەند پسپۆرییەكی جیاوازدا كردۆتەوە: (پەرستاری، زمان و ئەدەبی كوردی، مێژوو، جوگرافیا، فەلسەفە،  ئەدەبی عەرەبی ) و دكتۆرا لە پەرستاری، هەروەها لە هەوڵیشدایە لە ئایندەدا خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لە چەند پسپۆرییەكی تردا بكاتەوە. 
   لەئێستادا زانكۆی راپەڕین چەند سەنتەرێكی گرنگی دامەزراندووە لەوانە:
*    سەنتەری توێژینەوە
*    سەنتەری پەرەپێدانی زمان
*    سەنتەری گەشەپێدانی كار
زانكۆی راپەڕین لە ئێستا دا ئەندامی هەمیشەیی ئەم رێكخراوانەی خوارەوەیە:
*    یەكێتیی زانكۆكانی جیهان (IAU)
*    یەكێتیی زانكۆكانی ئۆراسیا  (EURAS)
*    داتابەیسی جیهانی بۆ خوێندنی باڵا (UNESCO)
هاوكات زانكۆی راپەڕین پەیوەندیی زانستی هەیە. لەگەڵ (٣١) زانكۆی نێودەوڵەتیدا یاداشتی لێكتێگەیشتی ئیمزاكردووەو پڕۆژەو ئاڵوگۆڕی ستافی هەیە.
لە ئێستادا زانكۆكە 5 كۆلێژ و 27 بەش لەخۆی دەگرێت  و ژمارەی مامۆستاكانیشی 228 مامۆستان كە خزمەتی زانستی پێشكەش بە 4869 خوێندكار دەكەن.

بۆ پەیوەندی و زانیاری:
ناونیشان: عێراق - كوردستان - ڕانیە - شەقامی گشتی  
پەیوەندی
7723041313(964+)
http://www.raparinuni.org/