زانكۆی سلێمانی

پارێزگای سلێمانی

زانکۆی سلێمانی كۆنترین و یه‌كه‌مین زانكۆی كوردستانه‌و ئێستاش یەکێکە لە گەورەترین زانکۆکانی کوردستان و ساڵانە ٤٠٠٠ - ٥٠٠٠ خوێندکاری نوێ وەردەگێت، ئەم زانکۆیە ئێستا لە ٢٥ کۆلێژ پێکھاتووە نزیکەی ١٤٠٠٠ خوێندکار تێیدا دەخوێنن، جگە لە نزیکەی ٧٠٠ خویندکاری خوێندنی باڵا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە گەشەسەندن و پێشکەوتندایە.

سلێمانی ھەر لە سەرەتاوە لەسەر بناغەی سیاسی وڕۆشنبیری دروست بووە بۆ یەکەم جار لەگەڵ بناغەی شاردا بناغەی مزگەوتی گەورە لێدراو کتێبخانەی میرنشین پاش تەواو بوونی مزگەوتی گەورە لە قەڵاچوالانەوە گوێزرایەوە بۆ سلێمانی کە نزیکەی ٦٠٠٠ کتێبی لە خۆ گرتبوو بۆ یەکەم جاریش لە مێژووی کورددا  لە ساڵی ١٩٦٨ دا بەپێی یاسای ژمارە ١٤٣ی خوێندنی باڵا لە شاری سلێمانی زانکۆ دامەزرا و ھەر بە ناوی شاری سلێمانییەوە ناونرا زانکۆی سلێمانی.

زانکۆی سلێمانی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ بووە چقڵی چاوی دوژمنان، بۆیە ڕژێمی به‌عسی فاشیزم بڕیاری گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی دا بۆ شاری ھەولێر لە ساڵی خوێندنی ١٩٨١ - ١٩٨٢ وە ناوەکەشی گۆڕی بۆ زانکۆی سەڵاحەدین.

 

پاش ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ کە بووە ھەوێنی بەرخوودان و وەرچەرخان و گۆڕانی مێژووی گەلی کورد و لە ئەنجامی دامەزراندنی حکومەت و پەرلەماندا و بە ھەوڵ و کۆششی دڵسۆزان و خەمخۆرانی گەلەکەمان جارێکی تر زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ١٩٩٢ بە پێی بڕگەی ١ی مادەی ٥٦ی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢  دامەزرایەوە کە سەرەتا سێ کۆلێژی لەخۆ گرتبوو کە ئەوانیش: کۆلێژی پزیشکی، کۆلێژی زمان، کۆلێژی کشتوکاڵ.

کتێبخانەی ناوەندی زانکۆكه‌ لە (١٤/١١/١٩٩٢) دامەزراوەتەوە، لە سەرەتادا خەڵکی زانستخوازی شاری سلێمانی ھاوکاربوون لە بنیاتنانەوەی بە پێشکەش کردنی کتێب و پێداویستی یە تایبەتی یەکانی کتێبخانەکانی خۆیان، پاشان ڕێکخراوە مرۆیی یە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان یارمەتی کتێبخانەکەیان داوە بە دەوڵەمەندکردنی بە سەرچاوەی زانستی.

بینای کتێبخانەی ناوەندی بەزیادکردنی بەشێکی تر فراوانترکرا و ڕووبەرەکەی گەیشتە (١٤٥٣٬٧٢ م٢). سەرچاوەکانی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی سلێمانی لەسەروو ٤٠ ھەزارەوەیە، کە ١٥٠٠ نامە و ٣٠٠٠ توێژینەوە و ١٥٠٠ پەخشان نامەیە.

 

زانکۆی سلێمانی ٢٥ کۆلێژی لە خۆگرتووە کە ھەریەکەیان لەب واری جیاجیادا خزمەت بەخوێندکاران دەکەن وەک زانستی پزیشکی، زانست و زانستی کرداری، ئەندازیاری، کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری، زانستە مرۆڤایەتی یەکان، کارگێڕی و یاسا، ئابوری و بەڕێوەبردن، پەروەردە و ھونەر.

ھەشت کۆلێژ لە کۆلێژەکانی زانکۆی سلێمانی کەوتونەتە دەرەوەی کامپی سەرەکی زانکۆ لە شارۆچکەکانی ھەڵەبجە و کەلار و چەمچەماڵ و خانەقین.

زمانی سەرەکی وانەووتنەوە و فێرکردن زمانی ئینگلیزیە لەکۆلێژە پزیشکی یەکان و ھەندێک لە کۆلێژە زانستی یەکان. وە لە کۆلێژەکانی تری زانکۆ (جگە لە بەشی ئینگلیزی لە کۆلێژی زمان) زمانی وانەوتنەوە تێکەڵێکە لە زمانەکانی ئینگلیزی و کوردی و عەرەبی.

لە ئێستادا زانکۆی سلێمانی ھیج بڕەپارەیەک وەرناگرێت بەرامبەر بەوەرگرتنی خوێندکاران و قوتابیان لە کۆلێژەکانی زانکۆ، بە پێجەوانەوە زانکۆ ھەڵدەستێت بەپێدانی دەرماڵە و موچەی مانگانە بە خوێندکاران (بە تایبەتی خوێندکارە دەرەکی یەکان) بەدرێژایی ماوەی خوێندنیان لەزانکۆ. ئەو خوێندکارانەی کەلە دەرەوەی شاری سلێمانی یەوە دێن، زانکۆ بەشەناوخۆیی تایبەتیان بۆ ئامادەدەکات، یان لە خانوو و باڵەخانەی کرێدا نیشتەجێ دەکرێن لەسەرئەرکی زانکۆ.

 

خوێندن چوار ساڵە بۆ بەدەستھێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەزۆربەی کۆلێژەکان جگەلە کۆلێژی پزیشکی کە شەش ساڵە و کۆلێژی دەرمانسازی و ددانسازی و ڤێتێرنەری کە خوێندن تیایاندا پێنج ساڵە. وەھەروەھا خوێندن لە کۆلێژی ئەندازیاری بەشی تەلارسازی بە ھەمان شێوە پێنج ساڵە.

خوێندنی باڵا لە زانکۆی سلێمانی بۆ یەکەمجار لە ساڵی (١٩٩٦)ەوە دەستی پێکرد لە دوای خولی یەکەمی دەرچوانی دوای ڕاپەڕین. سەرەتا چەند خوێندکارێکی کەم لە چەند کۆلێژێکی دیاریکراو وەرگیران بۆ خوێندنی باڵا، بەڵام دواتر ژمارەی خوێندکارانی خوێندنی باڵا و ئەو کۆلێژانەی کە خوێندنی باڵایان تێداکرایەوە زۆر زیادی کرد لە ئەنجامی داواکارییەکی زۆر بۆ خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق.

ئەو بڕوانامانەی کە لەلایەن زانکۆوە دەدرێن لە خوێندنی باڵادا ئەمانەن: دبلۆمی باڵا، ماجستێر (لە بواری زانستی و ھونەریشدا)، وە دکتۆرا. بواری خوێندن دەگۆڕیت لە کۆلێژێکەوە بۆ کۆلێژێکی تر بە گوێرەی ئەو سەرچاوە و تاقیگەیانەی کە لەبەر دەستدان لەو کۆلێژانە.

ئەو خوێندکارانەی کە خوازیاری خوێندنی باڵان پێویستە ھەڵگری بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزی و کۆمپیوتەربن وە لە تاقیکردنەوەی وەرگرتندا دەربچن پێش ئەوەی لە خوێندنی باڵا وەربگیرێن.

 

سکووڵەکانی زانکۆی سلێمانی

 

: کۆلێجی زانستی زانکۆی سلێمانی

کۆلێجی زانست یان سکووڵی زانست بۆ یەکەم جار لە ساڵی1968 دا دامەزرا کە یەکێک بوو لەو کۆلێجانەی ئەو سەردەمە زانکۆی سلێمانیان پێک ھێنا و دواتر لە ساڵی ١٩٨٢ دا کۆلێجەکە گواسترایەوە بۆ ھەولێر و زانکۆی سەڵاحەدین دامەزرا. پاشان لە ساڵی ١٩٩٢ دا جارێکی تر کۆلێجەکە لە زانکۆی سلێمانی دامەزرایەوە کە لەو کاتەدا تەنھا دوو بەشی ھەبوو. ھەر لەو کاتەوە ھەتا ئێستا کۆلێجی زانست بەردەوام لە گەشەکردندایە و بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە لە رووی رێژەی وەرگرتنی خوێندکاران و ژمارەی ئەندامانی ستافی کۆلێجەکە و کەل و پەل و ئامێر و تاقیگە و ھەروەھا لە رووی ئەنجامدانی توێژینەوەوە. بەشەکان: کیمیا، زانستی کۆمپیوتەر، بایولوجی، جیولوجی، فیزیا، بیرکاری.

سکووڵی ئەندازیاری

سکووڵی ئەندازیاری (School of Engineering) لە زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ١٩٦٨ کراوەتەوە و لەو کاتەی کە زانکۆی سلێمانی بۆ یەکەم جار دامەزرا، سکووڵی ئەندازیاری لە سەرەتاوە بە بەشی ئەندازیاری شارستانی دەستی پێکرد و (٤٤) خوێندکاری لە یەکەم ساڵی خوێندنی (١٩٦٨-١٩٦٩) وەرگرت، لە ساڵی خوێندنی (١٩٧٤-١٩٧٥) بەشی ئەندازیاری کارەبا کرایەوە لەم سکووڵەدا، و بە بەردەوامی ژمارەی خوێنداکاران لە زیادبوندابووە تا لە ساڵی ١٩٨١ ژمارەی دەرچوانی سکووڵی ئەندازیاری بریتیبووە لە (١٤٥١) ئەندازیارو لە ھەمان ساڵدا زانکۆی سلێمانی لەلایەن رژێمی سەدامەوە داخراو گواسترایەوە بۆ هەولێر و ناوەکەی گۆڕا بە زانکۆی سەلاحەدین. لەکاتێکدا زانکۆی سلێمانی سەر لەنوێ لە ساڵی (١٩٩٢) دا کرایەوە، سکووڵی ئەندازیاری لە ساڵی (١٩٩٥)دا کرایەوە لە سەرەتادا بە بەشی ئەندازیاری ئاودێری دەستیپێکردو، پاشان لە ساڵی (١٩٩٦)، بەشی ئەندازیاری بیناکاری کرایەوە و لە ساڵی (١٩٩٩)دا بەشی ئەندازیاری تەلارسازییش کراوەتەوە، دوا بەش کە لە سکووڵی ئەندازیاریدا کراوەتەوە بریتیە لە بەشی ئەندازیاری کارەبا کە لە ساڵی (٢٠٠٤)دا کراوەتەوە.

سکووڵی پزیشکی ددان

سکووڵی پزیشکی ددانی زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ١٩٩٦ دامەزراوە بە ھەوڵ و توانای ھاوبەشی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی و پزیشکانی ددان لە شاری سلێمانی. لەو کاتەوە، سکووڵی پزیشکی ددان گۆڕانکاری زۆری بەخۆوە بینیوە لە کردنەوەی بەشی زانستی و نۆرینگەی پزیشکیی ددان و تاقیگەی نوێ و وە ھەروەھا پێگەیاندنی مامۆستای پسپۆر لە گشت بوارەکانی پزیشکیی ددان بۆ فێرکردنی خوێندکاران.

فاکەڵتییەکانی زانکۆ

فاکەڵتی زانستە پزیشکییەکان

سکووڵی پزیشکی

سکووڵی دەرمانسازی

سکووڵی پزیشکی ددان

سکووڵی پەرستاری

فاکەڵتی زانستە ئەندازیارییەکان

سکووڵی ئەندازیاری

فاکەڵتی زانست و پەروەردە زانستییەکان

سکووڵی زانست

سکووڵی پەروەردە زانستییەکانی زانکۆی سلێمانی

فاکەڵتی یاسا و ڕامیاری و کارگێڕی

سکووڵی یاسا و ڕامیاری

سکووڵی کارگێڕی ئابووری

فاکەڵتی وەرزش و پەروەردەی بنەڕەتی

سکووڵی پەروەردەی بنەڕەتی

سکووڵی پەروەردەی وەرزش

فاکەڵتی زمان و زانستە مرۆڤایەتیەکان

سکووڵی زانستە مرۆڤایەتییەکان

سکووڵی زمان

سکووڵی ھونەرە جوانەکان

سکووڵی زانستە ئیسلامییەکان

فاکەڵتی زانستە کشتوکاڵییەکان

سکووڵی کشتوکاڵ

سکووڵەکانی تر

سکووڵی ڤێتێر‌نەری زانکۆی سلێمانی

سکووڵی پەروەردەی کەلار

سکووڵی ئادابی خانەقین

سکووڵی پەوەردەی بنەڕەتی ھەڵەبجە

سکووڵی پەروەردەی بنەڕەتی کەلار

سکووڵی پەروەردەی وەرزشی خانەقین

 

 

زانكۆی سلێمانی له‌ئیستادا چواری كه‌مپی هه‌یه‌ دوو كه‌مپی سه‌ره‌كی له‌ شاری سلێمانی هه‌یه‌ ، یه‌كێكیان كه‌مپی كۆنی زانكۆیه‌ له ناو شاری سلێمانی كه‌ به‌شێك له‌ كۆلێژه‌ پزیشكییه‌كان له‌وێن، كه‌مپی دووه‌میش په‌مپی نوێێ زانكۆیه‌ له‌ قلیاسان له‌سه‌ر رێگه‌ی سلێمانی كه‌ركوك، ئه‌م كه‌مپه‌ كه‌مپێكی مودێرنی پێشكه‌وتووه‌و بووته‌ یه‌كێك له‌ سیما شارستانییه‌كانی شاری سلێمانی.

 

بۆ په‌یوه‌ندی و زانیاری:

‌UoS Main Campus Address

Iraq-Kurdistan Region-Sulaimani

Sulaimani-Kirkuk Main Road

 

UoS Presidency 
 

Address:
Iraq-Kurdistan Region-Sulaimani
University of Sulaimani- Presidency
P.O.Box: 334 Sulaimani-IRAQ
E-mail: president@univsul.edu.iq

http://univsul.edu.iq/en/