مێژووی شاره‌وانی سلێمانی

پارێزگای سلێمانی

 

 دامەزراندنی شارەوانی سلێمانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می دەسەڵاتی عوسمانییه‌كان و ئاماژە بەوە دەکرێت؛ لە دەوڵەتی عوسمانیدا ئەنجومەنی شارەوانی (هەیئەتی مەشوەرەت) لە (٦-١٢) ئەندام پێکهاتوە و بەپێی چڕی دانیشتوان لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراون و دواتریش لەناو موڵکدارەکانی ئەو شوێنە یەکێک لە ئەندامە هەڵبژێردراوەکان بەسەرۆکی شارەوانی دادەنرا و موچەکەی لە داهاتی شارەوانی بۆ دەستەبەردەکرا و بە تەمەنترین ئەندامیش دەبووە بریکاری سەرۆکی شارەوانی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی یەکێک لە بڵاوکراوەکانی شارەوانی سلێمانی (شارەوانی سلێمانی و سەرۆک و وەکیلەکانی ١٨٩٠-٢٠١٠: عەبدلخالید صابر) بەڵگەنامەیەک لەبەردەست نییە پشڕاستی بکاتەوە لەسەردەمی بابانەکاندا شارەوانی هەبووبێت؛ پێ دەچێ لەو دەمەدا کاروباری خەڵکی لەلایەن چەند کاربەدەستێکی باڵای ئەو میرنشینەوە جێبەجێکرابێت.
ئەوەی زانراوە؛ یەکەم سەرۆکی شارەوانی سلێمانی لەساڵی (١٨٩٠) (عەلی بەگی محەمەد بەگی خالید بەگی بابان) بووە و بەفەرمانی والی بەغدا دانراوە. لەو ساڵە بەدواوە و تا ناوەڕاستی بیستەکانی سەدەی بیستەم بە زۆری ئەوانە دەکران بە سەرۆک، یان وەکیلی شارەوانی کە خوێندەوار و جگەلە زمانی نەتەوەکەی زمانی تورکی و عەرەبی-شیان بزانیایە.
دوای کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم و پاشەکشێی لەشکری عوسمانی لە ولایەتی موصڵ و شاری سلێمانی و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانە لەلایەن دەسەڵاتی ئینگلیزەوە، دواتر و دوای رێککەوتنی بەریتانیا و شێخ مەحمود؛ بینای شارەوانی سلێمانی لەناو بینای سەرا-دا بووە و دواتر بینایەکی نوێی لەناو بازاڕدا بۆ دروستکراوە.
دوای پێکهێنانی دەوڵەتی پاشایەتی لەعێراق لە مانگی ئابی ١٩٢١؛ ناوی هەیئەتی مەشوەرەت گۆڕا بۆ (مەجلیسی بەلەدیە) و لە شەستەکاندا لەسەردەستی (شاکیر فەتاح) ناوەکە گۆڕا بۆ کوردی و (ئەنجومەنی شارەوانی).
لەگەڵ دامەزراندی شارەوانی سلێمانی لە ١٨٩٠ تا ساڵی ١٩٠٨ کارەکانی ئەو فەرمانگەیە بە رێکوپێکی رۆیشتووە ، بەڵام دواتر بەهۆی کودیتای  ئیتحاد و تەرەقی ئاڵۆزی و بێئدارەیی رویکردۆتەوە سلێمانی و بە دەستبەکاربوونی (غەفورئاغای حاجی عەبدوڵڵای گەورە) وەک سەرۆکی شارەوانی لە (١٩١١) بۆ جاری دووەم شارەوانی کارا بۆتەوە.
لەمانگی ئابی ١٩٢٤ەوە، دوای رەوینەوەی بەشێک لەململانێی سیاسیەکان؛ تارادەیەک هێمنی و ئارامی بۆ سلێمانی گەڕاوەتەوە و بودجەیەک بۆ شارەوانی دابینکراوە و سەرۆکی شارەوانیەکانیش بەپلەی خوێندەواریی و شارەزاییان لە بواری کارگێڕی و کەسێتی و ناسراوی بنەماڵە دەخرانە لیستی هەڵبژاردنی شارەوانیەوە.
سەرچاوە مێژووییەکان، لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانیەکانەوە ئاماژە بەوە دەدەن لەساڵی (١٩٢٧)ەوە دانانی کەسەکان بۆ سەرۆکی شارەوانی بە هەڵبژاردن بووە.وەک چۆن لەژمارە (٧٩)ی ساڵی (١٩٢٧)ی رۆژنامەی ژیان-دا بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەوانەی خەڵکانەی مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی یەک کەس لەو سێ کەسەی کاندیدکراون بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی.
بەم جۆرە سەرۆکی شارەوانیەکان بە هەڵبژاردن بووە و تەنیا وەکیلەکان نەبێت. لەساڵی (١٩٦٩)دا بەپێی بڕیارێک وشەی بەرێوەبەر شوێنی سەرۆکی گرتەوە و لەوساڵە بەدواوە و تا راپەڕینی ١٩٩١ کەس بەهەڵبژاردن نەبووە بەسەرۆکی شارەوانی و بە دانان بووە.
لەدوای راپەڕین و دامەزراندنەوەی بەشێک لە فەرمانگەکان و زەرورییەتی شارەوانیەکان بۆ بیناکردنەوەو خزمەتکردن و بوژانەوە و گەشەسەندنی شارو شارۆچکەکان؛ حکومەتی هەرێم برەوی بە کاری ئەم دامەزراوە داوە و جارێکی تر سەرۆکی شارەوانی وەک ناوی ئیداری بۆ بەڕێوەبەرەکان بەکارهاتۆتەوە.
سەبارەت بەئەنجومەنی شارەوانیەکانیش لە ماوەی ١٩٦٩-٢٠٠٠ بە هەڵبژاردن نەبووە، بەڵکو لەساڵی ٢٠٠٠ەوە ئەنجومەنی شارەوانی هەڵبژێردرا کە لە (٢١) ئەندام پێکهاتوە و دوای ئەو بەروارە هەڵبژاردن نەکراوەتەوە.